گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەدوای هێرشەکەى پردێ.. نێچیرڤان بارزانی داوای دروستکردنی هێزی هاوبەش دەکات

2021.05.01 - 09:34
App store icon Play store icon Play store icon
لەدوای هێرشەکەى پردێ.. نێچیرڤان بارزانی داوای دروستکردنی هێزی هاوبەش دەکات

ناس کورد-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەكات دەستبكرێت بە دروستكردنی هێزی هاوبەش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر بەهێزبوونەوەی داعش لەو ناوچەیەدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

كاتژمێر 21:30ی شەوی ڕابردوو، چەكدارانی داعش لە میحوەری ڕۆژئاوای كەركوكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچكەی پردێی پارێزگای كەركوك، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا و شەهیدبوون.

 

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین."



دەشڵێت، "ئێمە چەندین جار حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش و سوود وەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردووەتەوە. هێرشی شەوی رابردووی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بووە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا."

 


سەرۆکى هەرێمی کوردستان جارێكی دیكە داوا لە پەرلەمان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکات "بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكارنەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەموو ناوچەكە و جیهان. هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیەكی خێرا."