بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لەسەر پێویستیی تێپەڕاندنی ناکۆکی و ململانێکان و گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى هەرێم، لەکۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێکران، بەتایبەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و چۆنیەتیی زەمینەخۆشکردن لەبەردەم پرۆسەکەدا کە خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی گەل و هەموو پێکهاتەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری عێراق داکۆکیان لە پێویستیی تێپەڕاندنی ناکۆکی و ململانێکان و گفتوگۆ و لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێنانەدیی یەکڕیزیی نیشتمانی و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونەکان کراوە، ئەوەش بە ئاراستەی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و یەکخستنی هێز و تواناکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەر و پێشهاتەکان.