گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕان هۆکارێکى جیاواز بۆ پەیوەندیکردنى عەبدوڵا کوێخا موبارەک بە پارتى یەوە دەخاتەڕوو

2021.04.29 - 17:20
App store icon Play store icon Play store icon
گۆڕان هۆکارێکى جیاواز بۆ پەیوەندیکردنى عەبدوڵا کوێخا موبارەک بە پارتى یەوە دەخاتەڕوو

ناس کورد-

 

ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان هۆکارى پەیوەندیکردنى عەبدوڵا کوێخا موبارەکى لەم کاتەدا بە ریزەکانى پارتى یەوە گەڕاندەوە بۆ نزیکبوونەوەى گۆڕان لە یەکێتى یەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هۆشیار عومەر ئەمڕۆ پێنجشەممە لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵى رووداو ئاماژەى بەوەکرد، پارتى لەرێگەى ئەو پرسەوە دەیەوێت تەرکیز لەسەر نزیکبوونەوەى گۆڕان و یەکێتى لابدات کە سەرقاڵى بەستنى هاوپەیمانین بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق.

 

وتیشى "رۆیشتنى ئەو برادەرە بۆ پارتى بەشێکى پەیوەندى بەوەوە هەیە، چونکە ئێمە دوو سێ ساڵە لەحکومەت لەگەڵ پارتى بەشدارین هێرشێکى زۆرمان لەسەرە کە نزیکن لە پارتى، ئێستاش پێموایە پارتى ئەو نزیکبوونەوەیەى ئێمە و یەکێتى پێ باش نییە و کاریشیکردووە کە ناکۆکى هەبێت لەنێوانماندا".

 

هۆشیار عومەر باسى لەوەشکرد، هەرکاتێک ئەوان لەگەڵ پارتى رێککەوتوون یەکێتى ئەو کارانەى بەرانبەر کردوون، ئێستا کە لە یەکێتى نزیکن پارتى هەوڵدەدات تەرکیز لەسەر ئەو شتە لابدات و بیخاتە سەر شتێکى لاوەکى.

 

دەشڵێت "لەرووى کردارییەوە لەگەڵ یەکێتى هەنگاوى زۆرمان ناوە بۆ بەستنى هاوپەیمانى، ئەگەر ئێمە ڕێکبکەوین کاندیدەکان کەمدەکرێتەوە ئەوەش زیاتر دەکەوێتە سەر یەکێتى، چونکە ئێمە لەهەر بازنەیەکدا یەک کاندیدمان دەبێت".

 

پەیوەندیکردنى عەبدوڵا کوێخا موبارەک بە پارتى یەوە شەممەى رابردوو لەکۆبوونەوەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانى لە پیرمام یەکلایی بووەتەوە، ئەوەش بەپێی وتەى چەند سەرچاوەیەکى ئاگادار.  

  

سەرچاوەکان بۆ "ناس کورد" باسیان لەوەکرد، پێش چوونى عەبدوڵا کوێخا موبارەک بۆ لاى بارزانى، پارتى دوو جار بەناوى سەردانى کۆمەڵایەتییەوە شاندى ناردووەتە لاى عەبدوڵا، ئەوەش رێگەخۆشکەر بووە بۆ پەیوەندیکردنى بە ریزەکانى پارتى یەوە.  

  

بەوتەى سەرچاوەکان، عەبدوڵا جگە لەخۆى بەشێکى زۆر لە خزم و کەسە نزیکەکانى لەگەڵدایە کە پەیوەندیان بە پارتى یەوە کردووە لەگەڵ ئەندامێکى جڤاتى گشتى گۆڕان کە ئامۆزایەتى، ئەو حزبەش بەڵێنى دروستکردنى لیوایەکى پێداوە.  

  

یەکێک لەسەرچاوەکان وتى "پەیوەندیکردنى عەبدوڵا بە پارتى یەوە بەو پێیەى کەسایەتییەکى دیارە لەسنورى چەمچەماڵ، بۆ پارتى گرنگى خۆى هەیە، بەتایبەت کە بارەگاکانى پارتى لەو سنورە چەندینجار تەقەیان لێکراوە".  

  

تا ئێستا عەبدوڵا کوێخا موبارەک کە یەکێک بوو لە دیارترین هەڵسوڕاوەکانى پێشووى گۆڕان لەسنورى چەمچەماڵ هیچ قسەیەکى لەو بارەیەوە نەکردووە، بەڵام ئەمڕۆ فەرماندەیەکى سەربازى پارتى بەفەرمى پێشوازى لێکرد بەبۆنەى پەیوەندیکردنى بە پارتى یەوە.