گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی: پرۆژەكەی حكومەتی هەرێم نادەستوری و هەڵەیە

2021.04.29 - 09:29
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی: پرۆژەكەی حكومەتی هەرێم نادەستوری و هەڵەیە

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکی پیشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر نادەستووری پرۆژە یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان- عێراق ڕونکردنەوە دەدات و ڕایگەیاند "ڕەوانەکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە بۆ پەرلەمان هەڵەیەکی دەستوورییە و دەبێت چارەسەر بکرێت بەر لە پەسەندکردنی". 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. ئەردەڵان نورەدین، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق کە هاوکات پارێزەری ڕاوێژکارە (29ی نیسانی 2021) لە بڵاوکرایەوەکدا کە "ناس کورد" بینیویەتی دەڵێت "لە کۆبوونەوەی رۆژی 28ی نیسانی 2021ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاردراوە کۆمەڵێک پرۆژە یاسا ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ پەسەندکردنیان، لە نێوانیان ئەم پرۆژە یاسایەیە کە پێچەوانەی دەستووری عێراقە (م٩٥)؛ "يحظر انشاء محاكم خاصة او استثنائية" بۆیە دەستووری عێراق ڕێگە نادات هیچ دادگایەکی تایبەتمەند یاخود کاتی دروست بکرێت بۆ هیچ بابەتێک.

 

ئەوەشی وتووە "دانان و پەسەندکردنی لەئەنجومەنی وەزیران و ڕەوانەکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە بۆ پەرلەمان، هەر چەندە پێویست بێت کە (هیچ پێویست نیە بە ڕای ئێمە) هەڵەیەکی دەستوورییە و دەبێت چارەسەر بکرێت بەر لە پەسەندکردنی". 

 

پێشتر سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان داوای لە پەرلەمانى کوردستان کرد کە پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى دادگاى تاوانکاریى تایبەتمەند بە تاوانەکانى داعش بخاتە پێشینەی بەرنامەی کاری بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات، دەنگی لە سەر بدرێت و په‌سه‌ند بكرێت. 

 

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان (28ى نیسانى 2021) لە پەیامێکدا کە لەبارەى پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى دادگاى تاوانکاریى تایبەتمەند بە تاوانەکانى داعش لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە بڵاوى کردەوەو ڕایگەیاند، ئه‌مڕۆ ئەنجومەنی وەزیران ، پڕۆژه‌ یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعشی لە هەرێمی کوردستان په‌سه‌ندكرد، بە مەبەستی لێپێچینەوە و دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لە سەر ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و كۆمه‌ڵكوژیی ئەم یاسایە دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، ‌ چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش دادەڕێژێت، لە ڕێگەی پێکهێنانی دادگایەکی نيشتمانیی لە هەرێمی کوردستان ، بە بەشداری تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێودەوڵەتیی بۆ لێپێچینەوە له‌ تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کە هاوکار دەبێت لە ڕووی کۆکردنەوەی بەڵگەکان .  

 

باسی لەوەشکرد، بێگومان ئەمە برینه‌ قووڵه‌كانی قوربانییانی ده‌ستی داعش ساڕێژ ناکات، بەتایبەتی خوشك و برا ئێزیدیه‌كانمان و قوربانییانی دیکە، بەڵام دەبێتە هەنگاوێک بە ئاراستەی سزادانی تاونباران و هێنانەدی دادپەروەریی زیاتر. داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم، ئەم یاسایه‌ بخاتە پیشینەی بەرنامەی کاری بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات، دەنگی لە سەر بدرێت و په‌سه‌ند بكرێت. هه‌رێمی كوردستان سەرکەوتووانە شه‌ڕی دژی داعش کرد و تێکیشکاند، ئەم شەڕە بە هەموو شێوەیەک بەردەوام ده‌بێت تا ئەو کاتەی دادپەروەریی دێتەدی و قوربانییەکانیش قەرەبوو دەکرێنەوە.  

 

 سوپاسی ڕاوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی یونیتاد بەڕێز کەریم ئەسەد ئەحمەد خان و ئەندامانی تیمەکەی ده‌كه‌م، کە ڕۆڵێكی گرنگییان لە برەودان بەم بابەتە هەبووە و‌ هاوکاری تەکنیکییان پێشکەشی دامودەزگاکانی دادوەریی هەرێمی کوردستان کردووە.