گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

مەسرور بارزانى داوایەک لە پەرلەمانى کوردستان دەکات

2021.04.28 - 21:37
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانى داوایەک لە پەرلەمانى کوردستان دەکات

ناس کورد-

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان داوا لە پەرلەمانى کوردستان دەکات کە پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى دادگاى تاوانکاریى تایبەتمەند بە تاوانەکانى داعش بخاتە پیشینەی بەرنامەی کاری بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات، دەنگی لە سەر بدرێت و په‌سه‌ند بكرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان (28ى نیسانى 2021) لە پەیامێکدا کە لەبارەى پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى دادگاى تاوانکاریى تایبەتمەند بە تاوانەکانى داعش لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە بڵاوى کردەوە باس لە گرنگى پڕۆژەکە دەکات.

 

دەقى پەیامەکە:

ئه‌مڕۆ ئەنجومەنی وەزیران ، پڕۆژه‌ یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعشی لە هەرێمی کوردستان په‌سه‌ندكرد، بە مەبەستی لێپێچینەوە و دادگاییكردنی تیرۆریستانی داعش لە سەر ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و كۆمه‌ڵكوژیی.

 

ئەم یاسایە دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه، ‌ چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش دادەڕێژێت، لە ڕێگەی پێکهێنانی دادگایەکی نيشتمانیی لە هەرێمی کوردستان ، بە بەشداری تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێودەوڵەتیی بۆ لێپێچینەوە له‌ تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کە هاوکار دەبێت لە ڕووی کۆکردنەوەی بەڵگەکان .

 

بێگومان ئەمە برینه‌ قووڵه‌كانی قوربانییانی ده‌ستی داعش ساڕێژ ناکات، بەتایبەتی خوشك و برا ئێزیدیه‌كانمان و قوربانییانی دیکە، بەڵام دەبێتە هەنگاوێک بە ئاراستەی سزادانی تاونباران و هێنانەدی دادپەروەریی زیاتر.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەرکی سەرشانیانه‌ کە تیرۆریستانی داعش ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە لە بەرامبەر تاوانه‌كانیان دژ به‌ گەلی کوردستان و خەڵکی عێراق و مرۆڤایەتی بە گشتی. ئەمڕۆ ئێمە هەوڵێک دەدەین بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌ركه‌ هاوبەشمان، لە پێناو قوربانییانی عێراق و جیهان.  بێگومان ئه‌مه‌ كاری زۆری ده‌وێت، بەڵام دواجار هەر دێتەدی.

 

ئێمە بەردەوام دەبین لە کۆکردنەوە و گه‌یاندنی زانیاری بە تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی (یونیتاد) بۆ ئەوەی هاوكاریان بین له‌ كاره‌كانیان. داوا لە یونیتاد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم پشتگیریی سیستەمی دادوەری هەرێمی كوردستان بکەن، بەتایبەتی لە بواری ڕاهێنان و تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بۆ دەسپێکردنی یەکەم دانیشتنی دادگایی گشتی.

 

 لەم یاسایەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کراوە کە هاوکار و یارمەتیدەر بێت بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریی بۆ قوربانییان لە ڕێگەی سندوقێکی تایبەتەوە ، لە پێناو ساڕێژکردنی برینەکانیان.

 

داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم، ئەم یاسایه‌ بخاتە پیشینەی بەرنامەی کاری بۆ ئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات، دەنگی لە سەر بدرێت و په‌سه‌ند بكرێت. هه‌رێمی كوردستان سەرکەوتووانە شه‌ڕی دژی داعش کرد و تێکیشکاند، ئەم شەڕە بە هەموو شێوەیەک بەردەوام ده‌بێت تا ئەو کاتەی دادپەروەریی دێتەدی و قوربانییەکانیش قەرەبوو دەکرێنەوە.

 

سوپاسی ڕاوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی یونیتاد بەڕێز کەریم ئەسەد ئەحمەد خان و ئەندامانی تیمەکەی ده‌كه‌م، کە ڕۆڵیێكی گرنگییان لە برەودان بەم بابەتە هەبووە و‌ هاوکاری تەکنیکییان پێشکەشی دامودەزگاکانی دادوەریی هەرێمی کوردستان کردووە.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2021/4/28