ناس کورد-
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی پڕۆژەی رێگای کەلار-سلێمانی لەڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی کە ئەو پرۆژەیە لە کابینەی پێشوودا بریاربوو تەواو بکرێت، بەڵام وەزارەتەکەیان لەم کابینەیەدا سورە لەسەر تەواوکردنی پرۆژەکە و بەبڕی زیاتر لە 55 ملیار دینار پارەی بۆ تەرخانکردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان (28ی نیسانی 2021) لەڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە پڕۆژەی رێگای کەلار-سلێمانی کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت ڕایگەیاند "پرۆژەکە لە 19 ی کانوونی یەکەمی 2017 و لەسەردەمی کابینەی پێشوی حکومەت دەستکراوە بەکارکردن تیایدا".
ئاماژە بەوەشکراوە "هەرچەندە لەکابینەی پێشودا تەنها یەک پێشینەی بۆ تەرخانکرا کە بڕەکەی تەنها شەش ملیار و (934)ملیۆن و (260)هەزار دینار بوو، بەڵام لەماوەی تەنها ساڵ و نیوێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، بەهۆی بەهەند وەرگرتن و گرنگیپێدانی پڕۆژەکە لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بڕی (55) ملیار و (419) ملیۆن و (842) هەزار دینار بۆ بەڵێندەر خەرجکراوە و رێژەی ئەنجامدراویش گەیشتوەتە 53٪"
لەڕوونکردنەوەکەدا هاتووە "سەرباری تەواونەکردنی پڕۆژەکە لەکابینەی پێشودا، بەڵام دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەردەوام جەخت لەسەر زوو تەواوکردنی پڕۆژەی رێگای کەلار- سلێمانی کردووەتەوە، بۆیە لەو سۆنگەیەوە لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیەدا پێنج جار بەشێوەیەکی مەیدانی ئەم پرۆژەیە و پرۆژەکانی وەزارەتی لە سنورەکە بەسەر کردوەتەوە".
ئەوەشخراوەتەڕوو "بەشێوەیەکی بەردەوام وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە چۆنێتی بەڕێوەچونی پڕۆژەکانی کۆڵیوەتەوە و بەدواداچونی بۆ کردوە، لەپێناو خزمەتکردن بەهاوڵاتیان و دابینکردنی رێگایەکی سەلامەت بۆیان، ئەمە جگە لەوەی بەنوسراوی فەرمی داوای زیاتر لە (70) ملیار دیناری دیکەی کردوە بۆ بەڵێندەر و تەواوکردنی پڕۆژەکە".
لە ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختلەوەشکراوەتەوە" وەزیری ئاوەدانکردنەوە دڵنیایی داوەتە بەڵێندەری پرۆژەکە کە بەمنزیکانە تەرخانکراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەکە دەستنیشان دەکرێت".