ناس کورد-
مامۆستایەک لەکۆیە دواى شەش رۆژ کوتانى بە ڤاکسینى کۆرۆنا گیانى لەدەستدا، بەرپرسانى تەندروستی ناوچەکەش دەڵێن پێدەچێت هۆکارى مردنى نەخۆشى شەکرە و تەسکبوونەوەى دەمارەکانى دڵى بوبێت نەک ڤاکسین.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە لە ڕونکردنەوەیەکدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (28ی نیسانی 2021) ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی مامۆستا محەمەد لە کۆیە گیانی لەدەستدا باس لەوەکرا هۆکارەکەی بۆ بەکارهێنانی ڤاکسینی ڤایزەر بووەو بۆ ئەوەش لەلایەن تەندروستی کۆیەوە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵێنەوە پێکهێنرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای وەرگرتنی زانیاری لە کەس و کاری نەخۆش و لە نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر خالید دەرکەوت گیان لەدەستدانی بەهۆی ئەو نەخۆشیانە بووە کە مامۆستای کۆچکردوو هەیبوو ئەوانیش تەسک بوونەوەی دەمارەکانی دڵی و نەخۆشی شەکرەو بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و پابەندی ڕێنماییەکانی پزیشکیش نەبووە لە بەکارهێنانی چارەسەرەکانی.
تەندروستی کۆیە باسی لەوەشکردووە، بەپێی بەدواداچوونەکان ئەو شەوەی مامۆستاکە کۆچی دوایی کردووە هەناسەى توند بووە، هەموو ئەو هۆکارانەش ئاشکرایدەکەن کە بەهۆی نەخۆشی دڵ و لەکارکەوتنی کۆچیی دوایی کردووە پێی ناچێت بەهۆی لێکەوتەکانی ڤاکسینی ڤایزەر بێت.
مامۆستاکە ناوى محەمەد مەنمیە و شەش رۆژ لەمەوبەر ڤاکسینی ڤایزەری وەرگرت و شەوی ڕابردوو گیانیلەدەستدا.