ناس کورد-
سەرۆک کۆمارى ئێران لەسەر دزەپێکردنى تۆمارە دەنگییەکەى وەزیرى دەرەوەى وڵاتەکەى هاتە دەنگ و دەشڵێت، لەگەڵ ئەوانەدا کە تۆمارەکەیان بڵاو کردووەتەوە توند و بێ بەزەیى دەبن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەسەر ڕوداوى دزەپێکردنى تۆمارێکى دەنگى کەچاوپێکەوتنێکى بڵاونەکراوەى محمەد جەواد زەریفى وەزیرى دەرەوەى ئێرانە، ئەمڕۆ چوار شەممە (28ى نیسانى 2021) حەسەن ڕۆحانى سەرۆک کۆمارى ئەو وڵاتە هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، دزەپێکردنى ئەو تۆمارە دەنگییە دژایەتى بەرژەوەندییەکانى خەڵک و وڵاتە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، هەندێ کەسایەتى یاخود گروپگەلێک هەستاون بەدزینى دۆسیەى دەنگى لەئەرشیفى حکومەت و داواشى لەوەزارەتى ئیتڵاعاتى وڵاتەکەى کرد هۆکارى ئەو کارە ئاشکرا بکات.
ڕۆحانى جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، بڵاوکردنەوەى ئەو تۆمارە دەنگییە ئامانج لێی دروستکردنى گرژییە لەناوخۆی ئێراندا، بەتوندى و بێ بەزەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەوانەدا دەکەن کە دزەیان بەو تۆمارە دەنگییە کردووە.
ڕۆحانى دەشڵێت، کاتى بڵاو کردنەوەى ئەو تۆمارە دەنگییە مایەى گومانە چونکە هاوکاتە لەگەڵ ئەو سەرکەوتنانەى کە لەدانوستانەکانى ڤیەننادا ئێران بەدەستى هێناوە.
سەرۆک کۆمارى ئێران داواشى لە دەسەڵاتى دادوەرى و میدیاکانى وڵاتەکەى کرد بەشێوەیەکى ئارامتر لەگەڵ ئەو تۆمارە دەنگییەدا مامەڵە بکەن و هەندێک قسەش کە لەو تۆمارە دەنگییەکەدا هاتوون دیدى حکومەت نین بەڵکو دیدى کەسیى جەواد زەریفن.
هاوکات لیژنەى ئاسایشى نەتەوەیی لەپەرلەمانى ئێران داواى لە جەواد زەریف کردووە لەو بارەیەوە بچێتە پەرلەمان و رونکردنەوە بدات.
زەریف لە تۆمارێکى دەنگى دزەپێکراودا کە کەناڵى "ئێران ئینتەرناشیوناڵ" (26ى نیسانى 2021) بڵاویکردەوە و بڕیار بووە لەکۆتایى کابینەکەى ڕۆحانیدا بڵاوبکرێتەوە، ڕەخنەى توند لە هەژموونى قاسمى سولەیمانى و کۆنترۆڵکردنى دیپلۆماسییەتى ئێرانى دەگرێت، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە.
لەیەکەم هەڵوێستیدا لەبارەى ئەو تۆمارە دەنگییەوە کە مشتومڕێکى گەورەى لەئێران لێکەوتووەتەوە، زەریف لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئینستاگرام نوسیویەتى "زۆر بەداخەوەم کە قسەکانم لەرووى تیرۆرییەوە لەبارەى هاوسەنگى نێوان دیبلۆماسییەت و گۆڕەپانى شەڕ، بۆ ئەوەى پیاوانى دەوڵەت سود لە ئەزمونى هەشت ساڵەى رابردوو وەربگرن، گۆڕاوە بۆ پێکدادانى ناوخۆیی".
ئاماژەى بەوەشکردووە، هەڵسەنگانى بۆ هەندێ پرس رەخنەیەکى تاکەکەسى بووە. جەختیشیکردووتەوە لەسەر "دۆستایەتى قوڵ و هاریکارى" کە لەگەڵ قاسم سولەیمانى کۆیکردووەنەتەوە بۆ ماوەى زیاتر لە دوو دەیە.