گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

تەندروستیی هەرێم لەبارەی کۆرۆنای هیندی ڕوونکردنەوە دەدات

2021.04.27 - 20:55
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستیی هەرێم لەبارەی کۆرۆنای هیندی ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد- 

وەزیری تەندروستیی هەرێم لەبارەی کۆرۆنای گۆڕاوی هیندی ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایگەیاند، بەفەرمی هیچ حاڵەتێکی ئەو جۆرەی کۆرۆنا لەعێراق پشتڕاستنەکراوە، دەشڵێتژ، لەوبارەیەوە لەگەڵ تەندروستیی جیهانی لەسەر خەتن بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لە چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم (سێشەممە 27ی نیسانی 2021) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "چەند ڕۆژێکە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان باس لە بڵاوبوونەوە و مەترسییەکانی کۆرۆنای هیندی لە چەند وڵاتێک و لەنێویاندا عێراق دەکەن، بەڵام ئێمە پشتدەبەستین بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی." 

 

وتیشی، "لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەوبارەیەوە لەسەر خەتین و گفتوگۆمان لەگەڵ کردوون، ئەوان بەڵێنیان داوە لەم یەک دوو ڕۆژەدا بە فەرمی ئاگادارمان بکەنەوە لە چۆنێتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرەی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرکات تەندروستیی عێراق و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاگاداریان کردینەوە لەوبارەیەوە، ئێمەش بەفەرمی ڕوونکردنەوەی لەسەر دەدەین." 

 

ماوەی شەش ڕۆژە لەسەر یەک شەپۆلێکی چڕی کۆرۆنا ڕووی لە وڵاتی هیندستان کردووە و لەماوەی 24 کاتژمێردا زیاتر لە 350 هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و نزیکەی سێ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.      

  

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هیچ حاڵەتێکى توشبوون بەو نەوە نوێیەى کۆرۆنا تۆمارنەکراوە، بەڵام هەموو شتێک ئاساییە رووبدات چونکە ڤایرۆسەکە بەبەردەوامى خۆى دەگۆڕێت.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، هێڵی ئاسمانیی عێراق لە ئەمڕۆ سێشەممەوە سەرجەم گەشتەکانی بۆ هیندستان ڕاگرت تاوەکو کاتێکی نادیار.    

 

هێڵی ئاسمانیی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا (27ی نیسانی 2021) دەڵێت، "ڕاگرتنەکە لەسەر ڕێنماییەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراقی بووە کە داوا کراوە سەرجەم گەشتەکانی هاتن و ڕۆشتن بۆ هیندستان ڕابگیرێت بەهۆی خراپی دۆخی کۆرۆنا لەو وڵاتە و بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەى ڤایرۆسەکە بۆ عێراق."

 

هاوکات، جەواد موسەوی، بڕیاردەری شانەی قەیرانەكان لە پەرلەمانی عێراق (سێشەممە 27ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، "لەئێستادا کۆرۆنای هیندی مەترسیدارترین زنجیرەی کۆرۆنایە کە لە جیهاندا بڵاوبووبێتەوە و هاتنە ناوەوەشی بۆ عێراق زۆر نزیک و ئەگەرێکی زۆرە."   

  

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر کۆرۆنا هیندییەکە لەعێراق بڵاوببێتەوە قوربانییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە و ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی گەورە هەیە، چونکە توانای بڵاوبوونەوەی 40 جار لە زنجیرەی یەكەمی كۆرۆنا زیاترە، جگە لەوەی کاریگەریی لەسەر سەرجەم تەمەنەکان و هەموو جەستە هەیە و کوشندەترە."