ناس کورد-
وتەبێژی هاتۆچۆی هەولێر ڤیدیۆی ڕووداوێکی هاتوچۆی دڵتەزێنی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەدەمەقاڵێی نێوان شوفێری پیکابێک و ئەڤیۆیەکی تایبەت بەهۆی پێچکردنەوە لەسەر یەکتر،شوفێری ماتۆرسکیلێک گیانی لەدەستدا و سەری کەوتەژێر تایەی بارهەڵگرێک.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر (سێشەممە 27ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، "کاتژمێر 4:30 خولەکی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای (هەولێر _گوێڕ) لەنزیک هەزەی گوێر پیکابێک و ئەڤیۆیەکی تایبەت لەشوێن پێچێک لەسەر یەکتر پێچیان کردەوە و نزیکبو توشی پێکدادان ببنەوە، بۆیە دەمەقاڵی لەنێوانیان دروست بوو و لەناوەندی ڕێگاکە ڕایانگرت و خەریکی قسە بەیەکتر وتن بون، بێ ئەوەی حساب بۆ ئوتومبێلەکانی دوای خۆیان بکەن."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەو کاتەش ماتۆڕسکیلێکی خێرا لەدواوە هات کە شوفێرو سەرنشینی لەسەربو خۆی کێشا بەدواوەی پیکابەکە کەڕێگای داخستبوو و شوفێرەکەی کەوتە خوارەوە لەسەر ماتۆرسکیلەکە، کە لەدوایەوە بارهەلگرێکی گەورە دەهات لەسایدی خۆی و تایەکانی پێشەوەی لەماتۆڕەکە ڕەت بوبو، لەگەڵ کەوتنە خواری شوفێری ماتۆرسکیلەکە سەری کەوتە ژێر تایەکانی دواوەی بارهەڵگرەکە، بەداخەوە هەر لەشوێنی ڕوداوەکە شوفێرەکە گیانی لەدەستدا."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "شوفێری پیکابەکە و ئەڤیۆ تایبەتەکەش کە هەردوکیان خەتاباری ڕوداوەکەبوون بەداخەوە ڕایانکرد و شوێنی ڕووداوەکەیان جێهێشت، لەکاتی لێکۆلینەوەش ڕێژەی خەتاباری 50% بۆ پیکاب و 30% بۆ ئەڤیۆو 20% بۆماتۆرسکیل دانرا."
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، "تکایە شەقام و ڕێگاکان شوێنی ململانێ و شەڕکردن و تەسفیەی حسابات نیە، ناکرێت بۆ دەست هەلشەقاندنێک یان جنێو دانێک بەیەکتر لەسەر شتێکی پڕوپوچ ، مرۆڤێک بکەنە قوربانی."