گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئەحمەد عەسکەری: داوای تورکمانەکان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک نادەستورییە

2019.03.09 - 14:05
ئەحمەد عەسکەری: داوای تورکمانەکان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک نادەستورییە

 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

ئەندامیكی ئەنجومەنی پاریزگای كەركوك ڕایدەگەیەنێت، داواكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە لایەن  توركمانەكانەوە "نا دەستووریە وهیچ لۆژیکێکی تێدا نییە"، ئەوەش پاش ئەوە دێت کە تورکمانەکانی کەرکوک داوای پۆستی پارێزگاری ئەو شارەیان کرد.

 

ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشکی یەکێتی تایبەت بەناس كورد-ی ڕاگەیاند:"بەپێی دەستور پۆستی پارێزگاری كەركوك مافی كوردە، ئەگەر باسیش لەسازان بكەن ئەوا سازان لە سەر بنچینەی فراكسیۆنی گەورە دروستدەكریت و دەبێت پۆستە یەكەمەكان  وەربگرێت، ئەم شێوازە لە عیراق پەیڕەوكراوە، ئیستا شیعەكان پۆستی سەرۆكوەزیرانیان وەرگرتووە پۆستەكانی تریشیان بەسازان لە گەل لایەنەكانی تردا دابەشكردووە".

 

ئەوەشی ڕاگەیاند: "بمانەوێت هەردوو پۆستی پاریزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پاریزگاکە لە یەك دانیشتندا بۆ خۆمان یەکلا دەكەینەوە، چونکە ئێمە زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک پێکدێنین کە خاوەنی 26 كورسین، بەڵام بڕیارمانداوە هەموو پێكهاتەكانی كەركوك بەشداربن لە بەڕێوبردنی شارەكە".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پاریزگای كەركوك نەیشاردەوە کە پێشوەخت لە گەڵ توركمانەكان ریككەوتون بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، سەرۆكی ئەنجوومەنی كەركوك دراوە تورکمانەکەن و جێگری پاریزگاریش بۆ عەرەب دەبێت، دەشڵێت: "توركمانەکان داوای ئەو پۆستە دەكەن لەم كاتدا جێگای پرسیارە و داوایەکی نادەستوری و نا لۆژیکییە".

 

پاش ڕێککەوتنی پارتی و یەكێتی لە سەر پرسەکانی هەرێم بە کەرکوکیشەوە، تورکمانەکانی کەرکوک لە ڕاگەیەنراوێکدا دژایەتی ڕێککەوتنەکەیان کرد، لە سەردانێکیشیاندا بۆ بەغداد داواوی پۆستی پارێزگاری کەرکوکیان کرد و بە مافی خۆیانی دەزانن.