گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیی هەڵەبجە لەبارەی قسەکانی پزیشکێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونکردنەوە دەدات

2021.04.27 - 17:15
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستیی هەڵەبجە لەبارەی قسەکانی پزیشکێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد- 

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی قسەکانی پزیشکێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە سەبارەت بە خراپی کەرتی تەندروستیی پارێزگاکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سەرجەم قسەکانی دوورن لە ڕاستییەوە و ئەو پزیشکە سکاڵای لەسەرە و دەیەوێت بەو ڕێگەیە هاووڵاتیان چەواشە بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕوونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە (سێشەممە 27ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، "لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پزیشکێکی میلاکی بەرێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی ھەڵەبجە، ھەندێک لێدوان و زانیاری بڵاوکردوەتەوە لە پەیج و ئەکاونت و کەناڵەکانەوە، بەڵام بە هاووڵاتیانی ڕادەگەیەنین کە سەرجەمیان دوورن لە ڕاستییەوە." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کارە وەک کاردانەوەیەک دەیبینین بۆ ھەوڵدان بە مەبەستی چەواشەکردنی ڕای گشتی و بەلاڕێدانی ڕێرەوی لێکۆڵینەوه لەو سکاڵایانەی كە ئێمە كردومانە لە وەزارەتی تەندروستی و دادگای لێکۆڵینەوەی ھەڵەبجە كە دواتر لەسەر داوای پزیشكی شكاتلێكراو سكاڵاكانی گواستراونەتەوە بۆ دادگاكانی هەولێر." 

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئێستا لیژنەکان بە ئەندام بوونی داواكاری گشتی لە لێکۆلینەوەدان و لەئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامی سکاڵاکان و ڕاستیەکان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە." 

 

د. باخان تاڵەبانی، پزیشکە لە نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەندێک بابەتی لەسەر دۆخی کەرتی تەندروستیی هەڵەبجە باس کرد و داواشی کرد، "لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو گەندەڵیانەی تەندروستیی هەڵەبجە پێکبهێنرێت." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە نەخۆشخانەی حکومی لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانییەوە بە پارە نەشتەرگەری دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو نەشتەرگەرییانەی پێویستە لە بەیانیاندا بکرێت، یان ئەوانەی  فریاکەوتنن، ناکرێن، هەروەها لە نەخۆشخانەی حکومی نەشتەرگەری بۆ خەڵک دەکرێت پارە لە خەڵک وەردەگیرێت، بەبێ ئەوەی پزیشکی سڕکەریان لەگەڵ بێت."

 

هەر لەوبارەیەوە وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان (27ى نیسانى 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لەسەر ڕەوشی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە، وەزارەتی تەندروستی بە بڕیاری وەزیری تەندروستی لێژنەیەک بۆ بەدواداچوونی کێشەکان و ڕاستی و دروستی پیکهێنرا".