گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق سەرجەم گەشتەکانی بۆ هیندستان ڕاگرت

2021.04.27 - 17:05
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق سەرجەم گەشتەکانی بۆ هیندستان ڕاگرت

ناس کورد-

هێڵی ئاسمانیی عێراق لە ئەمڕۆ سێشەممەوە سەرجەم گەشتەکانی بۆ هیندستان ڕاگرت تاوەکو کاتێکی نادیار.  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هێڵی ئاسمانیی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا (27ی نیسانی 2021) دەڵێت، "ڕاگرتنەکە لەسەر ڕێنماییەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراقی بووە کە داوا کراوە سەرجەم گەشتەکانی هاتن و ڕۆشتن بۆ هیندستان ڕابگیرێت بەهۆی خراپی دۆخی کۆرۆنا لەو وڵاتە و بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەى ڤایرۆسەکە بۆ عێراق."

 

هەر ئەمڕۆ شانەی قەیرانەكانی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای هیندی و دەڵێت، لەئێستادا مەترسیدارترین جۆری ڤایرۆسەکەیە و ئەگەر لە عێراق بڵاوببێتەوە کارەسات ڕوودەدات.   

  

جەواد موسەوی، بڕیاردەری شانەی قەیرانەكان لە پەرلەمانی عێراق (سێشەممە 27ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، "لەئێستادا کۆرۆنای هیندی مەترسیدارترین زنجیرەی کۆرۆنایە کە لە جیهاندا بڵاوبووبێتەوە و هاتنە ناوەوەشی بۆ عێراق زۆر نزیک و ئەگەرێکی زۆرە."   

  

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر کۆرۆنا هیندییەکە لەعێراق بڵاوببێتەوە قوربانییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە و ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی گەورە هەیە، چونکە توانای بڵاوبوونەوەی 40 جار لە زنجیرەی یەكەمی كۆرۆنا زیاترە، جگە لەوەی کاریگەریی لەسەر سەرجەم تەمەنەکان و هەموو جەستە هەیە و کوشندەترە."   

  

موسەوی داوای لە حكومەت و وەزارەتی تەندروستیش کردووە ڕێكاری پێشوەختەی توند بگرنەبەر و ئاماژەی بەوەکردووە، "پێویستە بۆماوەی یەک مانگ ڕێگە نەدرێت هاووڵاتیانی هیندستان و ئەو وڵاتانەی ئەو جۆرەی كۆرۆنایان تێدا بڵاوبووەتەوە، سەردانی عیراق بكەن."   

  

ماوەی شەش ڕۆژە لەسەر یەک شەپۆلێکی چڕی کۆرۆنا ڕووی لە وڵاتی هیندستان کردووە و لەماوەی 24 کاتژمێردا زیاتر لە 350 هەزار کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون و نزیکەی سێ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.      

  

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هیچ حاڵەتێکى توشبوون بەو نەوە نوێیەى کۆرۆنا تۆمارنەکراوە، بەڵام هەموو شتێک ئاساییە رووبدات چونکە ڤایرۆسەکە بەبەردەوامى خۆى دەگۆڕێت.    

  

جەختیشیکردووەتەوە، سەردانکردن بۆ وڵاتانى توشبوو دەکرێت ببێتە هۆى راکێشانى نەوەى مەترسیدارى کۆرۆنا، پابەندبوون بە خۆپاراستن و وەرگرتنى ڤاکسین دەبنە هۆى ڕێگریکردن لە هاتنى نەوەى نوێى کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەى.  

 

me_ga.php?id=17582