ناس کورد-
سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، لێکۆڵینەوە دەکەن لەبارەى دەنگۆى "واژۆنەکردنى" جێگرى سەرۆکى حکومەت لەسەر بایۆمەترى موچەخۆران، دواى ئەوەى پەرلەمانتارێک قوباد تاڵەبانى لەو بارەیەوە تۆمەتبارکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستاندا، بەهمەن کاکە عەبدوڵا پەرلەمانتارى پارتى، قوباد تاڵەبانى تۆمەتبارکرد بەوەى ئامادە نییە واژۆ لەسەر بایۆمەترى موچەخۆران بکات بۆ بڕینى دوو موچە و سێ موچە.
لەبەرانبەردا رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمان وتى "ئەو زانیارییە بەلاى ئێمەوە تازەیە، دڵنیابن لەوەى دەپرسین و ساغیدەکەینەوە راستى دەکەینەوە، کە ئەمە حەقیقەتە یان نا".
جەختیشیکردەوە، ئەو دۆخە سیاسییە ئاڵۆزەى هەیە رەنگدانەوەى لەسەر پەرلەمان زیاترە، هەرچەندە ئەو دابەشبوونەوەى لەناو پەرلەماندا هەیە لەحکومەتدا نییە.
لەکۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستاندا پرسی لێبڕینى موچە باڵى بەسەر کۆبوونەوەى پەرلەماندا کێشا و بەشێک لە پەرلەمانتاران داواى بانگهێشتکردنى حکومەتیان کرد بۆ تاوتوێکردنى ئەو پرسە.
لەوەڵامى ئەو قسانەدا رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمان رایگەیاند، داواکارییەکانیان لەو بارەیەوە پشتگوێنەخستووە و ئاڕاستەى حکومەتیان کردووە.
وتیشى بەبێ ئامادەبوونى حکومەت تاوتوێکردنى ئەو پرسە بەرهەمى نابێت، بەڵام حکومەت نە وەڵامى داواکەیانى داوەتەوە نە داواى درێژکردنەوەى وادەکەى کردووە بۆ ئامادەبوونى لە دانیشتنەکە.
"خۆ من پۆلیس نیم بچم حکومەت بهێنم بۆ پەرلەمان..کابینەى نوێیەم لەناو پەرلەماندا زۆرینەیەکى پەرلەمانى هەیە تا ئەو زۆرینەیە بڕیارنەدا هەڵناوەشێتەوە ئیتر با یەکترى بریندار نەکەین لەو بارەیەوە"، رێواز فایەق وایوت.
جەختیشیکردەوە، حکومەت لەناوخۆیدا ئەو دابەشبوونەى نییە کە لەپەرلەماندا هەیە.