گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێکى باڵاى هەرێم زانیارى نوێ لەسەر لێبڕینى موچە و پارەکەى بەغدا ئاشکرادەکات

2021.04.26 - 18:34
App store icon Play store icon Play store icon
بەرپرسێکى باڵاى هەرێم زانیارى نوێ لەسەر لێبڕینى موچە و پارەکەى بەغدا ئاشکرادەکات

ناس کورد-
بەرپرسێکى باڵاى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند، "زۆر گەشبین نین" لەبارەى ناردنى پارە لە بەغداوە، بەڵام بەهۆى بەرزبوونەوەى داهاتى نەوتەوە ڕەنگە لێبڕینى موچە نەمێنێت یان زۆر کەم بکرێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپرسەکە کە ناوى نەهێنراوە ئەمڕۆ دووشەممە (26ی نیسانی 2021) بە دەنگى ئەمریکاى ڕاگەیاند، "ئومێد دەکەین بەغدا پارە بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام ئێمە زۆر گەشبین نین."

 

ڕوونیشیکردەوە، سەرباری نەناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم، بەڵام دۆخی دارایی حکومەتی هەرێم بەرەو باشبوون دەڕوات، بە شێوەیەک داهاتی ئەم مانگەی نەوت گەیشتووەتە 300 ملیۆن دۆلار و ئەو بڕە پارە ڕادەستی وەزارەتی دارایی کراوە.

 

بەوتەى بەرپرسەکە "بۆ لێبڕینی موچەش، وەزارەتی دارایی سەرقاڵی کۆمەڵێک هەنگاوە، ئەو هەنگاوانە کۆتاییان پێ بێت، ڕەنگە لێبڕین نەمێنێت یان بڕی لێبڕینەکە تەواو کەم بێتەوە، بەڵام نازانین کەی دەتوانین ئەمە بکەین."

 

پێشتر سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، شاندى هەرێم دەچێتەوە بەغدا و لەسەر سێ ئاست گفتوگۆیەکى جیاواز لەگەڵ بەغدا دەکەن بۆ جێبەحێکردنى یاسای بودجە و چۆنیەتى دیاریکردنى پشکى هەرێم.

 

ئومێد سەباح ڕۆژی چوارشەممە (21ی نیسانی 2021) لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، گفتوگۆکانى ئەمجارە جیاواز دەبن، وەزارەتى سامانە سروشتیەکان لەگەڵ وەزارەتى نەوت، چاودێرى دارایی هەرێم لەگەڵ چاودێرى دارایی بەغدا، دارایی هەرێم لەگەڵ دارایی فیدراڵ.

 

وتیشى، "گفتوگۆکانى ئەم جارە بۆ جێبەجێکردنى یاساى بودجە و چۆنیەتى دیاریکى پشکى هەرێمە کە بەشێوەى مەقاسە دەبێت یان نا".

 

ئومێد سەباح باسى لەوەشکرد، سەرۆک وەزیرانى هەرێم نوسراوێکى فەرمى ئاڕاستەى سەرۆک وەزیرانى عێراق کردووە کە تێیدا جەختیکردووەتەوە لەسەر پابەندبوونى هەرێم بە یاساى بودجە.

 

هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی ھەرێم ڕایگەیاند، بۆ ناردنی پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراق، لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ دروست دەکرێت.

 

پەری نوری بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند، بۆ ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان شاندی ھەرێم جارێکی تر دەچێتەوە بەغدا و لەگەڵ ئەوەش لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ دروست دەکرێت.

 

دەشڵێت، "لیژنەکە چاودێری و دیراسەی فرۆشتنی نەوتی پارێزگاکانی ھەرێم و ڕادەستکردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی سۆمۆ و ڕادەستکردنی لە 50%ی داھاتی نا نەوتی ھەرێم بە حکومەتی عێراق دەکەن."

 

پەری نوری وتیشی، بە پێی یاسای بودجە ھەر کاتێک ھەرێم پابەند بوو بە جێبەجێکردنی یاساکە، ئەوا عێراق مانگانە 952 ملیار دینار بۆ ھەرێم دەنێرێت.