ناس کورد-
پزیشکێکى پسپۆڕى هەناوى لە سلێمانى داوادەکات بەپەلە هەموو شوێنەکان دابخرێن، بەهۆى تێکەڵبوونى خەڵک لەگەڵ یەکترى و خراپى دۆخى توشبووانى کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د.زانیار ئاغال لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە "بەس ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی جمهوری لە سلێمانی سەروو نەوەت نەخۆشی کۆرۆنای لێیە، دەیانیان پێویستیان بە ئامێری ئۆکسجینی پێشکەوتووە و نییە، زیاد لە هەشتایان پێویستیان بە ئۆکسجینە بەردەوام و پێنج دەقە لێی بکەرەوە ئەخنکێت".
دەشڵێت "کاربەدەستان بیکەن بە خاتری خوا نەک هەر مەکتەب، فریا بکەون هەموو شوێنێک دا بخەن و وەکو لەندەن بیکەن بە سێ بازنەوە. با بە هەموومان فریایەکی شارەکەمان بکەوین".
بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، تا ئێستا لەهەرێمى کوردستان زیاتر لە ١٤٦ هەزار توشبوو تۆمارکراوە، کە زیاتر لە ٤٣ هەزاریان لەسنورى پارێزگاى سلێمانى یە.
هەروەها بەپێی ئامارەکانى تەندروستى سلێمانى، ١٢٣ توشبوو لە نەخۆشخانەکان داخڵکراون کە ١١١ کەسیان پێویستیان بە ئامێرى ئۆکسجینە و ١٨ یان لەژورى چاودێرى چڕدان.