گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نرخی بەنزین دەگاتە هەزار دینار؟

ڕوونکردنەوەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین

2021.04.25 - 15:23
App store icon Play store icon Play store icon
ڕوونکردنەوەی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین

ناس کورد-

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بەدواداچوونی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین کردووە و لایەنی پەیوەندیدار پێیان وتووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بۆرسەی جیهانیدا، دەشڵێت، بەڵام قەناعەت بەو قسەیە ناکەن و ئەم هەفتەیە لەوبارەیەوە کۆدەبنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماوەی چەند هەفتەیەکە نرخی بەنزین بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت و لەئێستادا لیترێک بەنیزنی نۆرماڵ بە 650 دینار، محەسەن بە 700 دینار و سۆپەریش بە 775 دینارە، ئەوەش ڕەخنەی لای هاووڵاتیان دروستکردووە.

 

لەوبارەیەوە گوڵیزار ڕەشید، جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (یەکشەممە 25ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بەدواداچوونم بۆ ئەو پرسە کردووە و لایەنی پەیوەندیدار پێیان ڕاگەیاندم کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان، نرخی بەنزینیش بەرزبووەتەوە."

 

وتیشی، "بەڵام خەزانەکان پڕن لە بەنزین، هاوردەکردن و بەرهەمهێنانی بەنزین بەردەوامە و ترسی کەمبوونەوەی بەنزین بوونی نییە، بۆیە ئەو هۆکارە قەناعەتپێکەر نییە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەوشێوەیە نرخی بەنزین بەرزبێتەوە."

 

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک لیژنەی سامانە سروشتییەکان ئەم هەفتەیە لەسەر ئەو پرسە کۆدەبینەوە و هەڵوێست و بۆچوونی لیژنەکەمان لەوبارەیەوە دەخەینەڕوو و داوای چارەسەرکردنیشی دەکەین."

 

سەبارەت بە هەندێک دەنگۆ کە باس لە بەرزبوونەوەی نرخی لیترێک بەنزین دەکەن بۆ هەزار دینار، باسی لەوەکرد، "زانیاریم نییە لەوبارەیەوە، بەڵام بەدووری دەزانم شتی وا ڕووبدات، چونکە ئێمە ڕەخنەمان لەم نرخەی ئێستا هەیە و پێمانوایە بەرزە، نەک زیاتریش بەرزببێتەوە، بۆیە ئەو پرسە جێگەی نیگەرانییە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین."