ناس کورد-
وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراوێک داوا لە یەکەی خەرجی سەرجەم وەزارەتەکان دەکات سبەینێ دووشەممەى سەردانیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێنمایی و زانیاریی پێویست بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە نوسراوەکە کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە (25ی نیسانی 2021)، وەزارەتی دارایی جەخت دەکاتەوە کە "تانەدان لە بڕگەکانی بودجە جێبەجێکردنەکەى دواناخات."
دەشڵێت، "زانیاری و ڕێنماییەکان دوای وردبینی و پێداچوونەوەى ورد بە یاساکەدا هاتووە لەلایەن هەردوو وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان."
پێشتر ڕاوێژکارێکى سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە 10 مادەى یاسای بودجە لەلایەن حکومەتەوە تانەیان لێدەدرێت لە دادگاى فیدراڵى.
مەزهەر محەمەد ساڵح بە ڕۆژنامەى "مەدا"ى عێراقى ڕاگەیاندووە، پەرلەمان هەندێ گۆڕانکاریی لە یاساى بودجەدا کردووە کە حکومەت کۆت و بەند دەکات لەناویاندا زیادکردنى خەرجی و کورتهێنان.
لەبارەى پشکی هەرێمیشەوە، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند، شاندى هەرێم دەچێتەوە بەغدا و لەسەر سێ ئاست گفتوگۆیەکى جیاواز لەگەڵ بەغدا دەکەن بۆ جێبەحێکردنى یاسای بودجە و چۆنیەتى دیاریکردنى پشکى هەرێم.
ئومێد سەباح ڕۆژی چوارشەممە (21ی نیسانی 2021) لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، گفتوگۆکانى ئەمجارە جیاواز دەبن، وەزارەتى سامانە سروشتیەکان لەگەڵ وەزارەتى نەوت، چاودێرى دارایی هەرێم لەگەڵ چاودێرى دارایی بەغدا، دارایی هەرێم لەگەڵ دارایی فیدراڵ.
وتیشى، "گفتوگۆکانى ئەم جارە بۆ جێبەجێکردنى یاساى بودجە و چۆنیەتى دیاریکى پشکى هەرێمە کە بەشێوەى مەقاسە دەبێت یان نا".
ئومێد سەباح باسى لەوەشکرد، سەرۆک وەزیرانى هەرێم نوسراوێکى فەرمى ئاڕاستەى سەرۆک وەزیرانى عێراق کردووە کە تێیدا جەختیکردووەتەوە لەسەر پابەندبوونى هەرێم بە یاساى بودجە.
هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی ھەرێم ڕایگەیاند، بۆ ناردنی پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراق، لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ دروست دەکرێت.
پەری نوری بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند، بۆ ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان شاندی ھەرێم جارێکی تر دەچێتەوە بەغدا و لەگەڵ ئەوەش لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ دروست دەکرێت.
دەشڵێت، "لیژنەکە چاودێری و دیراسەی فرۆشتنی نەوتی پارێزگاکانی ھەرێم و ڕادەستکردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی سۆمۆ و ڕادەستکردنی لە 50%ی داھاتی نا نەوتی ھەرێم بە حکومەتی عێراق دەکەن."
پەری نوری وتیشی، بە پێی یاسای بودجە ھەر کاتێک ھەرێم پابەند بوو بە جێبەجێکردنی یاساکە، ئەوا عێراق مانگانە 952 ملیار دینار بۆ ھەرێم دەنێرێت.