ناس کورد-
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، پلانێک هەیە کە حکومەت گۆڕانکاریی لە قەدەغەی هاتوچۆدا بکات و چەند پێشنیازێک لەوبارەیەوە ئاشکرادەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق (یەکشەممە 25ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، " لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، پرسی قەدەغەکردنی هاتوچۆی هێنایە بەرباس و باس لە زەرەرمەندبوونی کاسبکاران کرا بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوە."
وتیشی، " چەند پێشنیارێک هەیە بۆ گۆڕانکاریکردن لە قەدەغەی هاتوچۆدا، بەشێوەیەک کە قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لە ڕۆژانی هەینی و شەممە هەڵبگیرێت و هەروەها قەدەغەی هاتوچۆی شەوانیش کە لە کاتژمێر 8:000 دەستپێدەکات بخرێتە کاتژمێر 10:00."
ویەبێژی سەربازیی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە، " سەرۆک وەزیران گرنگی بەو پرسە دەدات و لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی ئەو پێشنیارانە تاووتوێ دەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.