گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

پڕۆژەبودجەی هەرێم دوادەکەوێت.. لیبڕینی موچە چی لێدێت و نرخی نەوت بە چەند دیاریدەکرێت؟

2021.04.24 - 22:11
App store icon Play store icon Play store icon
پڕۆژەبودجەی هەرێم دوادەکەوێت.. لیبڕینی موچە چی لێدێت و نرخی نەوت بە چەند دیاریدەکرێت؟

ناس کورد- 

ئەگەرچی بڕیاربوو لەدوای پەسەندکردنی بودجەی گشتیی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمیش ئامادەبێت، بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵیت، ئامادەکردنی بودجە دوادەکەوێت، دەشڵێت، نرخی بەرمیلێک نەوت لە پڕۆژەکەدا بە 45 دۆلار دادەنرێت و موچەش پشت بەو داهاتە دەبەستێت کە لە بودجەدا دیاریدەکرێت، بۆیە تائێستا دیارنییە لێبڕین لادەبرێت یاخود بەردەوام دەبێت.  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بڕیاربوو لەدوای پەسەندکردنی بودجەی 2021ی عێراق، بەماوەیەکی کەم هەرێمی کوردستانیش بودجەی خۆی ئامادە بکات و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستانی بکات، بەڵام چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و تائێستا پڕۆژەبودجەی هەرێم ئامادە نەکراوە. 

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان (شەممە 24ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "تائێستا سەرقاڵی داڕشتنەوەی پڕۆژەکەین، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە و کێشەی زۆرمان هەیە، چونکە لە حەوت سالی ڕابردوودا هەرێم یاسای بودجەی نەبووە و کەموکوڕی زۆر ڕوویداوە کە دەبێت لێیان تێبگەین و ڕوونیان بکەینەوە و چاکیان بکەینەوە." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پڕۆژەکەدا نرخی نەوت هاوشێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بە 45 دۆلار دیاریکراوە." 

 

سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکرد، "ئەوە بەگوێرەی ئەو داهاتە دیاردەکرێت کە لە بودجەدا دەخەمڵێندرێت، تاوەکو پشکی مانگێکی هەرێم لە بەغداوە نەگاتە هەرێم نازانین داهاتی هەرێم چەند دەبێت و دەبێت بە پشت بەستن بەوە داهاتی هەرێم دیاریبکەین و ئەوکاتیش حکومەت بڕیار لە چۆنێتی تەمویلی موچە بدات." 

 

ئەو سەرچاوەیە ئامادەنەبوو هیچ وادەیەکیش بۆ ئامادەبوونی پڕۆژەکە دیاریبکات و ئاماژەی بەوەکرد، "دیارنییە کەی پڕۆژەکە ئامادە دەبێت، بەڵام بەدڵنیایی ئەمساڵ هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی دەبێت.