ناس کورد-
وتەبێژی سەربازیی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەوەی دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق پاشەکشە بکات دەبێت بە گفتوگۆ ئەو کارە بکات نەک بەهاوێشتنی موشەک، جەختیشکردەوە، عێراق پێویستی بەهێزی بیانی نییە و ئەو هێزەشی کە ئێستا لەناو خاکی عێراقدایە تەنها ئەرکی ڕاوێژکارییان هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یەحیا ڕەسول، وتەبێژی سەربازیی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق (24ی نیسانی 2021) لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " عێراق پێویستی بە هێزی بیانی نییە، ئەمەریکی بێت یان غەیرە ئەمەریکی".
وتیشی، "داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەرئاسایشی عێراق، سەقامگیری وڵات لەسەروو هەموو ئامانجەکانەوەیە، وڵاتانی دراوسێ دەبێت ڕێز لەسەروەری خاکی عێراق بگرن".
رەسول ئەوەشی وتووە، " بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەعێراق پێشیڵێکی ڕوونی یاسایە، ئەوەی دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا بکاتە دەرەوە دەبێت ئەو کارە لەڕێگەی دانووستانەوە بکات نەک بە موشک هاویشتن".
وتەبێژەکەی کازمی جەختیلەوەشکردەوە، وڵاتەکەی لە ئێستادا سەرقاڵی بەخشتەکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایە و ڕاشیگەیاند،" ئەرکی هێزەکانی ناتۆ لەعێراق سەربازیی نییە، بەڵکو تەنها ڕاوێژکارییە و ئامانج لە مانەوەیان تەنها بۆ بەهێزکردن و بنیادنانەوەی هێزە ئەمنییەکانە".