ناس کورد-
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئەو کوڕ و کچە نازانن کە شەوی ڕابردوو لە شەقامی سالم سەمایان کردووە و دەڵێت، هیچ سکاڵایەکیش لەسەریان تۆمار نەکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانیکدا بۆ "ناس کورد" (24ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای تۆمار نەکردووە لەسەر ئەو کوڕ و کچەی کە شەوی ڕابردوو لە شەقامی سەهۆڵەکە سەمان کردووەو نیگەرانی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە، "ئەگەر سکاڵاش تۆمار نەکرێت و فەرمانی دادوەر نەبێت ئێمە ناتوانین کەس دەستگیر بکەین، هەرچەند شەوی ڕابردوو پۆلیس و ئاسایش سەردانی شوێنەکەیان کردبوو بەڵام ئەوان ڕۆشتبوون."
ئەوەشی وت، "تاوەکو ئێستا تەنها دەزانین کە ئەوانە گەشتیارن نازانین خەڵکی سوریان یاخود گەشتیاری عەرەبن، بەڵام هەرکات لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە سکاڵا تۆمار کرا ئێمە بەدواداچوون دەکەین لەبارەیەوە".
بەپیی چەند گرتە ڤیدیۆییەک کە "ناس کورد" بینیویەتی، شەوی ڕابردوو لە شەقامی سالم کوڕ و کچێکـ بە جلی نیمچە ڕووتەوە، لەناو خەڵکدا سەما دەکەن، ئەوەش بووە جێگەی نیگەرانی زۆرێک لە هاووڵاتیان بەوەی لەم مانگی ڕەمەزانەدا ناکرێت ڕێگە بدرێت بەکارێکی لەو جۆرە کە زۆر نامۆیە بە کۆمەڵگەکە.
دواتر خاوەنی کافتریای جان کافێ کە دەوترا سەماکەرەکان لای ئەوان بوون ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو وتی، "کوڕ و کچێکی بە ڕەگەز (مەکسیکی) لە ناکاو لە نزیک (جان کافێ) دەستیان بە سەما کردن کردووە، بۆ ھەموو لایەکی ڕوون دەکەینەوە ئەو بابەتە ھیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بە مافی خۆمان نەزانیوە کە ھیچ رێگرییەک لە سەما کردنەکەیان بکەین، چونکە شەقامێکی گشتییە ئێمە مافی رێگری ھیچ جوڵە و ئاکارێکی خەڵکیمان نییە".