گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

گوماندەکرێت لە باغوز پێشمەرگەی دیلکراو هەبێت

هۆزان عەفرینی: لە چەند کاتژمێری داهاتودا لە سوریا سەرکەوتن بەسەر داعش ڕادەگەیەنرێت

2019.03.09 - 12:59
هۆزان عەفرینی: لە چەند کاتژمێری داهاتودا لە سوریا سەرکەوتن بەسەر داعش ڕادەگەیەنرێت

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

نوێنەری هاوپەیمانی نیشتمانیی دیموكراتی سوریا لە هەرێم رایدەگەیەنێت، پێشڕەوییەكانی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریا دیموكرات (هەسەدە) بۆ ئازادكردنی گوندی باغوز بەردەوامە ‌و لەچەند کاتژمێری داهاتودا سەركەوتنی یەكجارەكەی بەسەر داعشدا لە سوریا رادەگەیەنرێت، بە دووریشی نازانێت لە باغوز پێشمەرگەی دیلکراو هەبێت.

 

هۆزان عەفرینی نوێنەری هاوپەیمانی نیشتمانیی دیموكراتی سوریا لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەیانەوێت بەر لەوەی هێرشی یەكلاكەرەوە بكەنە سەر دواهەمین مۆڵگەی داعش، ئەو هاونیشتیمانیانەی ناو گوندەكە، هەروەها ئەو بارمتەگیراوانەی ئێزیدی‌ و خەڵكانی دیكە رزگاربكەن كە لە لایەن رێكخراوی داعشەوە گیراون ‌و لەزیندانەكانی ئەو رێكخراوەدان".

 

وتیشی: "رۆژانە بەسەدان چەكداری داعش ‌و خانەوادەكانیان خۆیان رادەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەكەن".

 

عەفرینی روونیكردەوە: "ئەو هاونیشتیمانییە ئێزدییانەی كە ڕزگاركراوون، لە  خێوەتگەیەكی تایبەت لە شاری حەسەكە نیشتەجێ‌ كراون، بەشێكیشیان رادەستی كەسوكاریان كراونەتەوە ‌و گەڕێنراونەتەوە بۆ شەنگال".

 

نوێنەری هاوپەیمانی نیشتمانیی دیموكراتی سوریا لە هەرێم، گلەیی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە دەستپێشخەری نەكردووە‌و دوای لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاوا نەكردووە هاونیشتیمانییە ئێزدییە رزگاركراوەكانی ڕادەست بكرێت‌ و بگەڕێندرێنەوە بۆ شەنگال، ئاماژەی بەوە كرد: "حكومەتی عێراق داوایەكی رەسمی ئاراستەی خۆسەری رۆژئاوا كردووە‌و داوای رادەستكردنی هاونیشتیمانییە ئێزدییە رزگاركراوەكانی كردووە بۆ ئەوەی بیانگێڕێتەوە بۆ زێدی خۆیان، نەک هەرێمی کوردستان".

 

لە بارەی بوونی پێشمەرگەی دیلکراو لای داعش لە باغوز، هۆزان عەفرینی وتی: "دوور نییە، كە لەدواهەمین مۆڵگەی داعشدا پێشمەرگەی دیل لەزیندانەكانیان بوونی هەبێت، وەك چۆن ماوەیەك لەمەوبەر چەند شەڕڤانێكی یەپەگە لەزیندانەكانی داعش لەو گوندە رزگاركران".

 

روونیشیكردەوە كە هاونیشتیمانیە ئێزیدییە رزگاركراوەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی ئێزیدی دیكە لەزیندانەكانی داعش لەباغوز ماوون.

 

لەبارەی دەنگۆی بەشداریكردنی هێزێكی دژە تیرۆری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە شەڕی باغوز‌و رۆژئاوای كوردستان، عەفرینی وتی: "چەند رۆژێك لەمەوبەر وەفدێكی دژە تیرۆری یەكێتی بەسەرۆكایەتی پۆڵاد شێخ جەنگی، سەردانی رۆژئاوای كرد، هەتا ئێستاش هەر لەوێن لەرۆژئاوا".