گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

هەڵبژاردنەكەی ئۆكتۆبەر: شەڕی گەورە لە نێوان هێزە سیاسییە شیعەكاندایە

2021.04.23 - 16:36
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵبژاردنەكەی ئۆكتۆبەر: شەڕی گەورە لە نێوان هێزە سیاسییە شیعەكاندایە

ناس كورد-

هەموو ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی 2021 كە بڕیارە لە 10 ئۆكتۆبەر بەرێوەبچێت لە تەواوبووندان، ئەمەش دەرگای بۆ قۆناغی دروستكردنی هاوپەیمانێتی و نەخشەرێژی قۆناغی داهاتوو كردووەتەوە و بەشی زۆری ململانێكەش لەنێوان زۆرینەی حوكمڕاندایە كە هێزە سیاسییە شیعەكانن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "ناس كورد" دوا بڕیاری حیزبە نوێیەكانی پاش خۆپیشاندانی تشرینی 2019 بۆ ئامادەكاریی بەشداریكردن لەهەڵبژاردن و دواخستنی بژاردەی بایكۆتكردن، هەڵمەتێكی چڕی بانگەشە و بەریەككەوتنی پێشوەختەی لەو جێگایانە دروست كردووە كە هێزە مەدەنییە خۆپیشاندەرەكان و هێزە مەزهەبی و ئیسلامییەكانی شیعە كێبەركێی تێدا دەكەن. هێزە ئیسلامییە شیعەكان تشرینییەكان بە خراپەكار و تێكدەر و بێ باوەڕ وێنا دەكەن و ئەوانیش بەچڕی كار لەسەر شكستەكانی حوكمڕانی 18 ساڵەی ئەو هێزانە دەكەن كە عێراقی كردووەتە وڵاتێكی هەژار لەكاتێكدا سێیەم بەرمەهێنەری نەوتە لەجیهان. 

 

زانیارییە دزەپێكراوەكانی كۆمسیۆن ئەوە ئاشكرا دەكەن، دەوڵەتی یاسای مالیكی، هاوپەیمانێتی فەتحی حەشدی شەعبی، سائیرونی سەدر، نەهجی حیزبی فەزیلە بەجیاو سەربەخۆ خۆیان تۆماركردووە، بەڵام ڕەوتی حیكمەی عەمار حەكیم چاوی لەسەر هاوپەیمانێتی حەلبوسی لە سوننەكان و یەكێتییە لە ناو كودر پاش ئەوەی بێهیوابووە لەوەی پارتی بەشداریی بكات لەگەڵی "چونكە زۆرینەی شیعەی كۆنەكردووەتەوە". 

 

ئەم پەرتەوازەبوونەی شیعەش كە هەمان شتە لە شەقامی كوردی و شیعی یەكێك لە سیما زەقەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە كە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ 2018 و پیشتر و تێیدا كۆتایی بەهاوپەیمانێتی گەورەی تایفی و نەتەوەیی هات. 

 

هەرچەندە لەدەستوری عێراقدا شوناسی سەرۆك وەزیران دیاری نەكراوە، بەڵام بەگوێرەی ئەزموونی دوای 2003 سەرجەم سەرۆك وەزیرانەكان شیعەبوون، زۆرینەی پەرلەمانیش هەر لەلیستە شیعەكان پێكهاتووە، نەخشەی هێزیش لەنێوان هێزە شیعەكانیش بەجۆرێك لەجۆرەكان قابیلی گۆڕانكارییە بەوپێیەی كورسییەكانیان لەهەڵكشان و داكشاندایە، بەتایبەت لە پاش كۆتاییهاتنی سەردەمی مالیكی (2014) و لەپاش ئەوەشی لە 2018 حیزبی دەعوە كورسی سەرۆك وەزیرانی لەدەست دا. 

 

ئەندامی مەكتەبی سیاسی رەوتی حیكمە، بەلیغ ئەبو گەلەل بۆ "ناس كورد" ی ڕوونكردەوە ئەوان پێیانوایە سەردەمی هاوپشكی تایفی تێپەڕیووە و سەردەمی هاوڵاتی بوون و بەرنامەی نیشتمانییە، هەر لەبەر ئەوەش سەرقاڵی ئەوەن لەگەڵ لاینە كوردی و سوننەكان "بەرەیەكی فراوان" دروست بكەن. 

 

بەپێی بەدواداچوونی "ناس كورد" لەناوەندی شیعیدا جگە لەكێبەركێی هێزە سیاسییە ناسراوەكان كە فەتحی حەشد و سەدرییەكان دوو جەمسەری سەرەكیی پێكدەهێنن، هەردوو لایەنەكە و هێزەكانیتریش لەبەردەم شەپۆلی دەنگدەرە نوێیە توڕە و ناڕازییەكاندان و ئەگەر بڕیاری بەشداریكردنی هەڵبژاردن بكەن ئەوە كێبەركێیەكی توند و هاوینێكی گەمی بانگەشە لەبەردەرگایە. لەمبارەیەشەوە زولفەقار حسێن كە پالێوراوێكی تشرینییە بە "ناس كورد" ی ڕاگەیاند لەهەندێ پارێزگای باشور گفت دراوە نەهێڵن وێنەی هیچ سەركردەیەكی سیاسی پێشوو بۆ هەڵبژاردن هەڵبواسرێت. 

 

سەرۆك وەزیرانی ئێستا مستەفا كازمی كە حكومەتەكەی زادەی ناڕەزایەتییەكانی تشرینە، لە بەربانگی پیاوانی ئاینیدا چەند ڕۆژێك بەر لەئێستا هەندێ لە سیماكانی پڕۆژە سیاسییەكەی خۆی دركاند كە كۆتاییهێنانە بە پشك پشكێنەی تایفی و قەتیسكردنی چەكە لەدەستی دەوڵەت، لەكاتێكشدا كازمی بە دۆستایەتی ئەمەریكا و رۆژئاوا تۆمەتبار دەكرێت وتی "تایفەگەری زادە و دەرهاویشتەی بیری زایۆنیزمە" بەڕای چاودێرانیش ئەمە هەڵدانەوەی تۆپەكەیە بۆ گۆڕەپانی هێزە میلیشیا و مەزهەبییە توندڕەوەكان. 

 

لە دەرەوەی پێكهاتەی شیعە سوننەكان هەر وەك جاران بەسەر چەند لیست و سەركردایەتییەكی ناوچەییدا پەرتەوازە و دابەشن، لە كوردستانیش شكستهێنانی دروستكردنی هاوپەیمانێتی گشتیگری كوردی لەلایەن دەزگای هەڵبژاردنی پارتییەوە ڕاگەیەنرا، بەڵام بەپێی ئەو ئەزموونەی لە ساڵانی ڕابردوو هەیە، هەمیشە ئەنجامەكانی شەقامی شیعی بەسەر شوناس و جۆری حكومەتی داهاتووەوە كاریگەربوون، هێزە كوردی و سوننییەكان ڕۆڵی تەواوكەر دەبینن بەوپێەی دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان ئەركی زۆرینەی شیعەیە كە ململانێ لەسەر دەوروبەری 170 كورسی دەكەن لەكۆی 329 پەرلەمانی داهاتوو.