ناس کورد-
ئەو ژنەی کە لەگرتە ڤیدیۆیەکدا دەرکەوت سەرقاڵی کۆکردنەوەی پەڕە دڕاو و فڕێدراوەکانی قۆرئانی پیرۆز بوو لەسەر شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر هاتە دەنگ و ڕەتیکردەوە، ئەوە سیناریۆ بێت و خۆی ئەو کارەی ئەنجامدابێت بەمەبەستی خۆ دەرخستن و بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردنەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆەڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە کە تێیدا ژنێک لەسەر شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر لەئۆتومبێلەی دێتە خوارەوە و لەناوەڕاستی شەقامەکدا پەڕەی دڕاو و فڕێدراوی قورئانی پیرۆز کۆدەکاتەوە، بەکارهێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی گرتە ڤیدیۆکەوە بوون بەدوو بەشەوە، بەشێکیان دەستخۆشیان لەژنەکە کرد و بەکارێکی جوانیان لەقەلەمدا و بەشێکی دیکەش بەسیناریۆیان ناوبرد و ژنەکەیان بەمەرامی جیاواز تۆمەتبار کرد.
ئەو ژنە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر (23ی نیسانی 2021) وردەکاریی ڕووداوەکەی باس کرد و هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کەگوایە ئەوەی کردوویەتی کارێکی پلان دارێژراو بووە و ڕایگەیاند "ئەو لەگەڵ خوشکە بچووکەکانی بەمەبەستی پیاسەکردن بە ئۆتومبێلەکەی لەماڵەوە هاتوونەتە دەرەوە و بەرێکەوت گەیشتوونەتە بەردەم مزگەوتی (جەودەت ئەسعەد) لەسەر شەقامی 100 مەتری ئەو شوێنەی کە پەڕەکانی قۆرئانی لێ فڕێدرابوون" .
وتیشی" کاتێک دیمەنەکەم بینی توشی شۆک بووم، ئەو کارەی کردوومە تەنها بۆ خوای گەورە ئەنجامم داوە و هیچ مەرامێکی دیکەم لەپشتەوە نییە".
ئەوەشی وت "کاتێک سەرقاڵی کۆکردنەوەی لاپەڕە دڕاوەکانی قورئانەکە بووم نەمزانیوە خوشکەکانم بە ڤیدیۆ دیمەنەکە تۆمار دەکەن" .
ئاماژەی بەوەشکرد "من سەر بەهیچ حیزبێک نیم و لایەنگری هیچ حیزبێکی ئیسلامیش نییم، من تەنها مامۆستایەکم ئەو کارەش لەبەر ڕەزامەندی خودا کردوومە، ویژدانم ئەوەی قبوڵ نەکردووە بەسەر پەرەکانی قورئاندا بڕۆم و کۆی نەکەمەوە".
ئەو ژنە، ڕەتیکردەوە ئەو کارەی کە کردوویەتی سیناریۆی خۆى بێت و مەرامی ئەوەی هەبێت وەک بانگەشەیەکی پێشوەختە بۆ خۆی بەکاربهێنێت لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوو.