گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزانە بۆ؟

پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2019 یاسایەکی دەرکردووە و لە 2021 هەمواری دەکاتەوە

2021.04.22 - 22:57
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانی کوردستان ساڵی 2019 یاسایەکی دەرکردووە و لە 2021 هەمواری دەکاتەوە

ناس کورد- 

دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان لە سالی 2019، یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆی دەرکرد، بەڵام یاساکە لەکاتی خۆیدا جێبەجێنەکرا و پاش دوو ساڵ لەئێستادا پەرلەمان سەرقاڵی ھەموارکردنەوەی یاساکەیە، ئەندامێکی لیژنەی شارەوانییەکانیش دەڵێت، گۆڕانکاریی بەرچاو لە یاسای بەخاوەنکردنی زەویی زێدەڕۆدا کراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نەجات شەعبان، ئەندامی لیژنەی شارەوانییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (پێنجشەممە 22ی نیسانی 2021) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، " یاسای ژمارەی ٣ی ساڵی ٢٠١٩ی تایبەت بە خاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری ئەو شارەوانییانەی زێدەڕۆیان لەسەر کراوە، ھەموار دەکرێتەوە و پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسا پێشنیارکراوەکە کردووە و لە ماوەکانی داھاتوودا خوێندنی دووەمی بۆ دەکرێت." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم جارە گۆڕانکاریی بەرچاو لە تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ کراوە و ھەموو ئەو خانووانەی لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبووندان، ئەوانەی لەلایەن دەستەی وەبەرھێنان، یان ھەر دەزگایەکی دیکەی حکوومەتەوە مۆڵەتیان پێ درابێت و زیادەڕۆیی کرابێت تاپۆکردن نایانگرێتەوە، هەروەها گۆڕانکاری بەسەر کاتی دروستکردنی خانووەکانیشدا ھاتووە، بەپێی ھەمواری نوێ ھەر خانوویەک ھەتا ٣١/١٢/٢٠٢٠ دروست کرابێت، تاپۆ دەیگرێتەوە."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەو ھاووڵاتییانەی بە زێدەڕۆ خانوویان دروست کردووە، بەپێی یاسا دەبێت لە ماوەی یەک ساڵدا داواکاری بۆ تاپۆکردنی خانووەکەیان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار بکەن،  لەبارەی نرخی تاپۆکردنیش گۆڕانکاری بەرچاو بەسەر نرخەکەدا ھاتووە، بۆ نمونە ئەگەر ئەو زەوییەی زێدەڕۆیی لەسەر کراوە پێشتر لەلایەن شارەوانییەوە جیا نەکرابێتەوە، نرخی تاپۆکردنیان جیاواز دەبێت."

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی شارەوانییەکان باسی لەوەشکردووە، "وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەو ناوچانەی نەخشە و دیزاینی ئامادەکراویان نییە، حکومەت لە ماوەیەکدا کە لە ڕۆژی دەرچوونی یاساکەوە دوو ساڵ تێپەڕ نەکات، نەخشە و دیزاین ئامادە دەکات و ھەرکەسێک دەتوانێت لە تاپۆکردنی یەک پارچە زەویی زێدەڕۆ سودمەند بێت، نەک زیاتر."

 

یاسای تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان لەمانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٩ لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا و بەگوێرەی یاساکە، هەر خانوویەک لەدوای ٣١ی ١٢ی ٢٠١٩ دروستکرابێت تاپۆکردن نایگرێتەوە، بەڵام بەگوێرەی هەموارە نوێیەکە ئەو وادەیە درێژکراوەتەوە و هەر خانوویەک لەساڵی ٢٠٢٠یشدا دروستکرابێت تاپۆکردن دەیگرێتەوە.