ناس کورد-
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی ستراتیژیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئامادەیە و چاوەڕێ دەکرێت ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی داھاتوودا پەسەندی بکات و دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، دەشڵێت پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە کە ھەموو بوار و فەرمانگەکانیش دەگرێتەوە و بۆ ماوەی سێ ساڵە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان (پێنجشەممە 22ی نیسانی 2021) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، " بڕیار بوو لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوودا ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەی ستراتیژیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بۆ سێ ساڵی داھاتوو بخاتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بە ھۆی ئەوەی توشی نەخۆشی بووین، ئەو کارە نەکرا و لە کۆبوونەوەی داھاتوودا چاوەڕێ دەکەین بخرێتە بەرنامەی کار و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و عێراقیش وا کاری لەسەر دەکات و لە وڵاتانیش ھەیە، چونکە دوای ئامادەکردنی ئەو پڕۆژە گرنگە، وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ئامادەییان نیشان داوە پشتگیری و ھاوکاریمان بکەن و حکومەتیش خۆی زۆر جددییە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند دەکرێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئەو پڕۆژەیە، ھەموو سێکتەر و فەرمانگەکان و جومگەکانی وڵات دەگرێتەوە و شێوازەکەش لە پڕۆژەکەدا زۆر بە جوانی ڕوون کراوەتەوە کە چۆن کاری لەسەر بکرێت و ھەر فەرمانگەیەک ئەوکات کار لەسەر رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکات و حکومەتیش مکوڕە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، چونکە دەتوانن لەو رێگەیەوە ھەنگاوی زۆر گرنگ بنێن، لەبەر ئەوەی ئەوە رێگەیەکی باشە بۆ ئەوەی رێگری لە گەندەڵی بکرێت لە ھەموو بوارێکدا."
جەختیشیکردووەتەوە، " ئەو رێگەیەمان گرتۆتە بەر، چونکە رێگریکردن لە گەندەڵی، کارێکی ھەرە لەپێشینەی حکومەت و ئێمەشە."