ناس کورد-
ئەنجومەنى ڕاژەى فیدراڵى لەنوسراوێکیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکان داواى ڕەوانەکردنى پێداویستیەکانى دامەزراندنى پلەى وەزیفى نوێ و ڕونکردنەوەى هۆکارەکانیان لێدەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەنجومەنى ڕاژەى فیدراڵى عێراق (22ى نیسانى 2021) لەنوسراوێکدا ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە، لەئەنجامى دەستپێکردنى ئەنجومەنەکە بەئەرکەکانیان و جێبەجێکردنى ئەوەى کە لەیاسای بودجەى 2021دا هاتووە، دۆسیەى دامەزراندنیان ڕەوانەى ئەنجومەنەکە کردووە و داوا لەوەزارەت و فەرمانگەکان دەکەن زانیاریان لەسەر پێداویستیە وەزیفییەکان بۆ دامەزراوەکان بنێرن.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، داواکردنى ئەو زانیاریانە بەمەبەستى چاوخشاندنەوە و وەرگرتنى بڕیارى پێویستە لەگەڵ دەرخستنى ئەوەى ئایا فەرمانگەکان چەندە میلاکیان پێویستە و هۆکارەکەى چییە.
ئەنجومەنەکە دەشڵێت، 30 ڕۆژ دانراوە بۆ وەڵامدانەوەى داواکارییەکانیان لەڕۆژى ڕادەستکردنى نوسراوەکەیانەوە و بەپێچەوانەوە هەر داواکاریەک پشتگوێ دەخرێت و سەیر ناکرێت.
پێشتریش مەحمود تەمیمى سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى فیدراڵى لەمیانەى بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، دواى تێپەڕاندنى بودجە دۆسیەى دامەزراندنى فەرمانبەرانى مەدەنى بەتەواوەتى ڕەوانەى ئەنجومەنەکە دەکەن و دەسەڵاتى دامەزراندنیش دەکەوێتە دەستى ئەو ئەنجومەنە.