گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

وادەى کۆبوونەوەیەکى ترى سعوديە و ئێران ئاشکرا دەکریت 

2021.04.21 - 22:53
App store icon Play store icon Play store icon
وادەى کۆبوونەوەیەکى ترى سعوديە و ئێران ئاشکرا دەکریت 

ناس کورد-

چەند سەرچاوە و بەرپرسێك ئاشكراى دەكەن، سعوديەكان و ئێرانيەكان پلانى ئەوەيان هەيە لەو مانگەدا كۆبونەوە و گفتوگۆى زياتر ئەنجام بدەن، ئەوەش بۆ كەمكردنەوەى ناكۆكيەكانى نێوانيان و شەڕى يەمەن و گفتوگۆكانى تايبەت بە رێكکەوتنى ئەتۆمى تەوەرى سەرەكى گفتوگۆكان دەبن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاژانسى "ڕۆيتەرز" چوارشەممە (21ى نيسانى 2021) لە زارى چەند بەرپرس و سەرچاوەيەك لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە بڵاويكردەوە، بەرپرسانى سعوديە و ئێران دەيانەوێت لەم مانگەدا كۆبونەوەى زياتر ئەنجام بدەن، ئەوەش بە ئامانجى كەمكردنەوەى ناكۆكى و گرژيەكانى نێوانيان و سەقامگير كردنى ناوچەكە.

 

بەپێى وتەى ئەو سەرچاوانە، بەڵام كاتى كۆبونەوەى داهاتوو ديارى نەكراوە و ئەوەش پشت بە بەرەوپێشچوونەكانى كۆبونەوەكانى ڤييەنا "تايبەت بە بەرنامە ئەتۆميەكەى ئێران" دەبەستێت.

 

لاى خۆيەوە دبلۆماسييەكى بيانى لە ڕياز بە "ڕۆيتەرز"ى وتووە، لەوانەيە كۆبونەوەى داهاتووى نێوان ڕياز و تاران، كۆتايى ئەم مانگە ياخود سەرەتاى مانگى داهاتوو ئەنجام بدرێت.

 

لاى خۆيەوە سەرچاوەيەكى ئاگادار باسى لەوەكردووە، گفتوگۆكان كە دواى سەردانى مستەفا كازمى سەرۆك وەزيرانى عێڕاق بۆ سعوديە دەستيان پێكرد، لەلايەن "خاليد حەميدان" سەرۆكى دەزگاى هەواڵگرى سعودیە و "سەعيد ئيراڤانى" جێگرى ئەميندارى ئەنجومەنى باڵاى ئاسايشى نيشتمانى ئێرانەوە سەرۆكايەتى دەكرێت.

 

چەند سەرچاوەيەكى تر بە هەمان ئاژانسيان وتووە، تەوەرى سەرەكى كۆبوونەوەكانى نێوانيان شەڕى يەمەن دەبێت، كە سعوديە هاوپەيمانێتيەكى دروستكردووە و شەڕى حوسييەكان دەكات كە لەلايەن ئێرانەوە پشتگيرى دەكرێن و لە ماوەى دواييدا هێرشەكانيان بە رێگەى موشەك و درۆنى بۆمبڕێژكراوەوە بۆ سەر سعوديە چڕ كردووەتەوە.

 

سەرچاوەيەكى هەرێميش ئەوەى ئاشكراكردووە، تاران بەڵێنى بە سعوديەكان داوە كە دەسەڵاتى خۆى بەكاردەهێنێت بۆ وەستانى هێرشى حوسيەكان بۆ سەريان، لەبەرامبەريشدا ڕياز پشتگيرى گفتوگۆكانى ڕێكکەوتنى ئەتۆمى بكات.

 

ئيدارەى جۆ بايدن، سەرۆكى ولايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا وەستاندنى شەڕى يەمەنى كردووە بە بابەتى لە پێشينەى كارەكانى كە ماوەى شەش ساڵە بەردەوامە، پێشتريش تيم ليندەركينگ، نێردەى تايبەتى ئەمريكا ئاماژەى بەوەدابوو، واشنتۆن پێشوازى لە ڕۆڵى بنيادنەرانەى ئێران دەكات لە يەمەن، بەڵام تائێستا هيچ ئاماژەيەك ديار نييە.