گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یاسای بودجە نەبێت حکومەت بە کەیفی خۆی مامەڵە بە داهاتەکانەوە دەکات

داوادەکرێت حکومەتی هەرێم بە یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ داهات و خەرجییەکان بکات

2019.03.09 - 11:51
داوادەکرێت حکومەتی هەرێم بە یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ داهات و خەرجییەکان بکات

ناس کورد-

لە سەرەتای ڕاگەیاندنی قەیرانی دارایی و ئابوری هەرێم لە لایەن حکومەتەوە، هەرێمی کوردستان بەبێ یاسای بودجە پێنج ساڵی تێپەڕاندووە، پەرلەمانتارێکی کوردستانیش دەڵێت گەر یاسای بودجە نەبێت "حکومەت بە کەیفی خۆی مامەڵە بە داهاتەکانەوە دەکات".

 

لە بارەی یاسای بودجەوە لە هەرێمی کوردستان، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە پێنج ساڵی ڕابردوودا پڕۆژە یاسای بودجە نەهاتۆتە پەرلەمانی کوردستانەوە، بۆیە کاتی ئەوەیە لەم خولەی پەرلەمان و لە کابینەی نوێی حکومەت، کۆی خەرجی و داهاتەکانی حکومەت بە یاسا بێت و کاربە یاسای بودجە بکرێت".

 

لە بارەی مەترسییەکانی نەبوونی یاسای بودجەوە، سۆران عومەر وتی: "گەر یاسای بودجە نەبێت حکومەت بە کەیفی خۆی مامەڵە بە داهاتەکان و خەرجییەکانەوە دەکات".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە لەم خولەدا یاسای سندوقی داهاتە نەوتی و گازییەکان جێبەجێبکرێ، بۆ ئەوەی کۆی پارەی داهاتی نەوت و گاز و پرۆسە نەوتییەکان بچێتە سندوقێکەوە، لەوێشەوە ئەو داهاتە بچێتە یاسای بودجەی هەرێمەوە، ئەوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان خۆی نەوت دەرناهێنێت و بیفرۆشێت و پارەکەی خەرج بکات".

 

دوواین یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان "یاسای ژمارە (1) ساڵی 2013 یاسای بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان- عیراق بۆ ساڵی دارایی 2013" بوو، بەڵام لە پاش ئەو ساڵەوە تا ئێستا حکومەتی هەرێم داهاتەکانی و خەرجییەکانی بە بێ یاسای بودجە تێپەڕاندووە.