ناس کورد-
وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان رونکردنەوەیەکى لەبارەى بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆى بەقاچاخبردنى ڤاکسینى ڤایزەر لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ ئێران بڵاوکردەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان (21ى نیسانى 2021) لە رونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ڤیدیۆیە دروستکراوە و هیچ پەیوەندى بە هەرێمى کوردستانەوە نییە.
ئەوەش رونکراوەتەوە کە ڤیدیۆکە بە مۆرێکى ساختەى بەناو وەزارەتى تەندروستى هەرێمەوە پیشان دراوە.
دەقى رونکردنەوە:
ڕوونکردنەوەیەك لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕای گشتی
لە دوێنێ شەوەوە ڤیدیۆیەك بڵاوبووەتەوە گوایە سندوقێکی ڤاکسین جۆری فایزەر دزەی کردووە بۆ یەکێک لە وڵاتان، بەپێویستی دەزانین بۆ ڕای گشتی و هاوڵاتیان و دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕوونبکەینەوە کەوا ئەم ڤیدیۆیە دروستکراوە و هیچ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نیە وە بەناوی کەناڵی BBC بە مۆرێکی ساختەی بەناو وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان پێشان دەدرێت.
دەستبەجێ لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاران لە وەزارەتمان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کرد بەهەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕال و چاودێریکردنی هەردوو بەڕێزان وەزیری تەندروستی عێراق و هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ڤاکسینی (ڤایزەر) کە دەرەنجامی سەرەتایی دەرچوو هیچ ئەسڵ و ئەساسی نیە بەڵکو ئەم ڕاستیانەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:
بۆیە دڵنیاتان دەکەینەوە کەوا تا ئێستا ٩ سندوق لە ٨ سەنتەری ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، کە هەر هەموویان جێگا و ڕێگای دابەشکردنی ڕوونە بەتەواوی داتا و زانیاری و چۆنیەتی دابەشکردن تۆمارکراوە بەسیستەمی مەرکەزی لەگەڵ بەغداد بەستراوە.
لە کۆتاییدا نیگەرانیمان لەوەیە کە هەوڵی تێکدان و دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەنێو هاوڵاتیان تەنها بەمەبەستی ئاژاوە و لەکەدارکردنی ئەم پڕۆسە پیرۆزەیە بە مەرامی تێکدانی سیستەمی ناردنی ڤاکسین و دابەشکردنە لە هەرێمی کوردستان بە ڕادەیەک ئامانج تیایدا نەناردنی ئەم خزمەتگوزاریە مرۆییەیە بۆ هاوڵاتیان.
دووپاتیی دەکەینەوە لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوونمان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە هۆکار و سەرچاوەی دروستکردنی ئەم ئاژاوەگێڕیە و لەهەر دەرەنجامێکی دیکەدا ڕای گشتی لێ ئاگادار دەکەینەوە.
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
21 نیسان 2021
لەدوێنێ سێشەممەوە گرتەیەکى ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوى بەشی فارسی بی بی سییەوە دەستاودەست دەکرێت لەبارەى بەقاچاخبردنى ڤاکسینى ڤایزەر لە هەرێمەوە بۆ ئێران، بەڵام تا نیوەڕۆى ئەمڕۆ ڤیدیۆکە لە هەژمار و پێگەى فەرمى کەناڵەکە بوونى نەبوو.
ناس کورد لەرێگەى نامەوە پەیوەندیکرد بە کەناڵى بی بی سی یەوە لەبارەى راستى و دروستى ڤیدیۆکە، دواتریش بی بی سی ڤیدیۆکەى لەسەر هەژمارى فەرمى خۆى لە فەیسبوک بڵاوکردەوە.
ڤیدیۆکە کە ماوەکەى یەک خولەک و 27 چرکەیە، باس لە بەقاچاخبردنى ڤاکسینى جۆرى ڤایزەر دەکات لە هەرێمەوە بۆ ئێران.
بی بی سی فارسی لەسەر ڤیدیۆکە نوسیویەتی، "بڵاوبوونەوەى گرتەی ڤیدیۆیی کردنەوەى ڤاكسینی ڤایزەر له ئێران كاردانەوەی زۆری هەبووە."
دەشڵێت، "بەپێی ئەو زانیارییانەى کە لەلایەن بی بی سی فارسییەوە پشتڕاستکراوەتەوە ڤاکسینی ڤایزەر لە عێراقەوە هاتووەتە ناو ئێرانەوە. بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەر یەکێک لەو بەرادانە شەش ژەم ڤاکسینی تێدایە کە بە هەزاران دۆلار لە بازاڕی ڕەش فرۆشراون."
بی بی سی لە زاری کیانوش جهانپور، وتەبێژی دامەزراوەى خۆراک و دەرمانی ئێران دەڵێت، ناتوانرێت ڕاستی ڤیدیۆکە پشتڕاست بکرێتەوە بەڵام لەوانەیە ڤاکسینەکە بچێتە ناو ئێرانەوە."
لاى خۆیەوە، وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە ڕەتی کردەوە ئەو ڤاکسینە بەقاچاخ برابێتە ئێران.
ڕەهێڵ فەرەیدوون، بریکارى وەزارەتى تەندروستى ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، ئەو ڤاکسینانەى لەبەغداوە هێنراون بە ناو و ژمارەى ئەوانەى وەریدەگرن دەدرێنەوە بەبەغدا.
وتیشى، "لەلایەن ئێمەوە بەهیچ شێوەیەک ئەوە نەکراوە و دزەى پێنەکراوە بۆ شوێنى تر، بەتایبەتى ڤاکسینى ڤایزەر کە رێوشوێنى پاراستنى توندوتۆڵە".
رەهێڵ فەرەیدوون باسى لەوەشکرد، هەموو ئەو بڕە ڤاکسینانەى بەکارهێنراوە تۆمارکراون و مۆرى فەرمى لێدراوە.