گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

پەیمانگایەک: ئێران 20 جۆر موشەک و درۆن دەداتە گروپە چەکدارەکانی عێراق

2021.04.21 - 13:27
App store icon Play store icon Play store icon
پەیمانگایەک: ئێران 20 جۆر موشەک و درۆن دەداتە گروپە چەکدارەکانی عێراق

ناس کورد-

پەیمانگایەکى نێودەوڵەتى پسپۆڕى ئاسایشى جیهانى ئاشکرای دەکات، سیستمی بالیستى ئێران بەجۆرێک پێشکەوتووە، دەستى گەیشتووە بە موشەکى کروز و درۆنەکان و لەڕێگەى پێدانى ئەو چەکانەش بە میلیشیاکانى لە ناوچەکە مەترسى گەورە دروست دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پەیمانگاکە لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە (21ى نیسانى 2021)  "ناس کورد" خوێندنەوەى بۆ کردووە باسى لەوەکردووە، گەشەکردنى سیستمى موشەکى ئێرانى بەتایبەت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکى کروز، مەترسى کارەساتبار بۆ ناوچەکە و جیهان لەچەند ساڵى داهاتوودا لەڕێگەى پێدانى ئەو چەکانە بە میلیشیاکانى دەخوڵقێنێت و چەند وڵاتێکیش دەستیان گرتووە تا بەو ئاستە هێزى ئاسمانى پێشبخات.

 

ئەوەش ڕوونکراوەتەوە، سیستمى بالیستى ئێرانى بە موشەکى کروز تەواو کراوە و تەنها بۆ بەرپەرچدانەوە نییە بەڵکو بۆ شەڕ و هێرشکردنیشە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆریاى باکوور ڕۆڵى لە باشترکردنى تواناى ئێراندا هەبووە لە بوارى موشەکى بالیستى، ئەوەش سەربارى هاریکارییەکانى هەریەکە لە ڕوسیا و چین، ئەو موشەکانەش وەکو قەرەبوویەکە بۆ لاوازى سوپاى ئەو وڵاتە کە توانایەکى تەقلیدى هەیە لەڕووى ئاسمانییەوە.

 

بەپێى ڕاپۆرتى ئەو پەیمانگایە کە ساڵى 1958 دامەزراوە و لەبوارى ئاسایشى جیهانیدا کار دەکات، تاران نزیکەى 20 جۆرى موشەکى بۆ لایەنگرانیان لە ناوچەکە بەتایبەتى عێراق و یەمەن و لوبنان ڕەوانە دەکات.

 

لە درێژەى ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە، دەسەڵاتدارانى ئێرانى چاویان خستووەتە سەر وردى پێکانى ئامانجەکانیان بۆ ئەوەى نکۆڵى لەوە بکات کە لەدژى نەیارەکانیان ئەنجامى دەدەن وەکو ئەو ڕوداوەى کە بەقیعى سعودیەى کردە ئامانج لەماوەکانى ڕابردوودا.

 

جەخت لەسەر ئەوەش کراوەتەوە، بڵاوبوونەوەى موشەکى ئێرانى لێکەوتى خراپى بۆ ئۆقرەیى ناوچەکە دەبێت لەبەر ئەوەى ئەو جۆرە موشەکانە هەمەچەشنێکى چەکە بۆ بەهێزى میلیشیا چەکدارەکانى ناوچەکە کە ناکەونە ژێر لێپرسینەوەى هیچ حکومەتێکەوە و ئێران ئاڕاستەیان دەکات.

 

ئەو پەیمانگا نێودەوڵەتیە هۆشدارى ئەوەشدەدات، دەستڕاگەیشتى ئەو میلیشیایانە بەو جۆرە موشەک و فڕۆکەبێفڕۆکەوانانە گەورەترین مەترسى دروستدەکەن سەربارى هەڵوێستێکى هێرشبەرانەى ئێران.

 

بەپێى ئەو پەیمانگایە، ئێران چوار ستراتیژ بۆ گەیاندنى درۆنەکان و موشەکى بالیستى بەلایەنگرانیان لەناوچەکە دەگرێتە بەر، ئەوانیش گەیاندنى ڕاستەوخۆ، پێدانى پارچەکانیان، گەیاندنى تواناکانى بەرهەمهێنان، لەڕێگەى لایەنى سێیەمەوە.

 

لە کۆتایى ڕاپۆرتەکەشیدا، پەیمانگاى نێودەوڵەتى بۆ توێژینەوەى ستراتیژى باسى لەوەش کردووە، بەپێى هەموو ئەو بەڵگانە کە ئێران بۆ بەدەستهێنانى ئەو جۆرە چەکانە هەنگاوى بۆ ناوە، زەنگێکى مەترسیدارە بۆ ناوچەکە و ئەو وڵاتانەى دانوستانى لەگەڵ دەکەن، چونکە مەترسیەکانى موشەک و درۆنە ئێرانیەکان لەساڵانى داهاتوودا زیاتر دەبن.