ناس کورد-
بەڕێوەبەری گشتی گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی ھەرێم ڕایگەیاند، بۆ ناردنی پشکی ھەرێم لە بودجەی عێراق، لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ دروست دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی نیسانی 2021، پەری نوری بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند، بۆ ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان شاندی ھەرێم جارێکی تر دەچێتەوە بەغدا و لەگەڵ ئەوەش لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ دروست دەکرێت.
دەشڵێت، "لیژنەکە چاودێری و دیراسەی فرۆشتنی نەوتی پارێزگاکانی ھەرێم و ڕادەستکردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی سۆمۆ و ڕادەستکردنی لە 50%ی داھاتی نا نەوتی ھەرێم بە حکومەتی عێراق دەکەن."
پەری نوری وتیشی، بە پێی یاسای بودجە ھەر کاتێک ھەرێم پابەند بوو بە جێبەجێکردنی یاساکە، ئەوا عێراق مانگانە ٩٥٢ ملیار دینار بۆ ھەرێم دەنێرێت.
ئاشکراشیکرد، بە پێی ماوەی ڕێکخستنی کاری لیژنەکە و چوونی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا، پێشبینی دەکرێت لە مانگی ئایارەوە ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەرپرسانی عێراق لەسەر یاسای بودجە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەلایەکی ترەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق 10 مانگە هیچ موچەیەکی فەرمانبەرانی هەرێمی نەناردووە و داوادەکات بەغدا پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 20ی نیسانی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکومەت پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی دووپاتکردەوە و داواشی کرد لە بەرامبەردا، حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێ بکات کە 10 مانگ دەبێت، حکومەتی فیدراڵی، هیچ بەشە موچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکی حکومەت هیوای خواست پەسەندکردنی یاسای بودجە، ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە تایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر سەقامگیریی و ئاسایش و ئارامیی عێراق دەبێت.