گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆ کار چوو تەرمەکەى گەڕایەوە

کاوان لە چلەى هاوسەرگیرییەکەیدا و لەسەر کار گیانی لەدەستدا

2021.04.19 - 22:45
App store icon Play store icon Play store icon
کاوان لە چلەى هاوسەرگیرییەکەیدا و لەسەر کار گیانی لەدەستدا

ناس کورد-

دواى مانگێک هاوسەرگیری کاوان بە ئومێدى کارکردن لەزێدى خۆى لە شارباژێرەوە ڕووی کردە سنورى هەڵەبجەى شەهید، بێ ئاگا لەوەى هەر لەوێ گیانلەدەستدەدات و خەونەکانى دەنێتە ژێر گڵ.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کاوان شێخ عوسمانی تەمەن 27 ساڵ، چل ڕۆژ (10ی ئازاری 2021) لەمەوبەر بەهیوایەکى زۆرەوە ماڵێکى نوێی پێکهێنا و هاوسەرگیریکرد، بۆ دابینکردنى بژێوى ژیانى دواى نزیکەى مانگێک پێویست بوو بۆ کارکردن بچێتە دەرەوەى شوێنى نیشتەجێبوونى خۆى لە ناوچەى دارەبەنى شارباژێر، بەڵام بەزیندوویی نەگەڕایەوە و تەرمەکەى گەڕێنرایەوە.

 

کەسێکى نزیکى کاوان بۆ "ناس کورد" ى گێڕایەوە، کاوان ماوەى سێ ڕۆژ بوو لەگەڵ ئامۆزایەکى بۆ کارکردن چووەتە هەڵەبجەى شەهید و لەوێ کاریان کردووە.

 

کاوان کرێکارى تەختەبەستن بووە و چاوى لەوەبوو لەرێگەى کارەکەیەوە بژێوى ژیانى دابین بکات، بەڵام کارەکەى ژیانى لێسەندەوە.

 

بەوتەى کەسە نزیکەکەى، کاوان ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتى کارکردندا بەسەختى برینداربووە، دواى گەیاندنى بە نەخۆشخانە گیانى لەدەستداوە.

 

باسى لەوەشکرد، لە ئێستا بنەماڵەکەی لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان بە تایبەتی خێزانەکەی، چونکە ماوەیەکى کەم بوو ھاوسەرگیرییان کردبوو.

 

ئەوکاتەى کاوان لەسەر کارەکەى برینداربوو، هێشتا سەرلەبەیانییەکى زوو بوو، بەڵام قاڵبێکى ئاسن لەجوڵەى خست و بووە هۆى گیانلەدەستدانى.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى پۆلیسى هەڵەبجە، کاوان لەکاتی کارکردن قاڵبی ئاسن کەوتووە بەسەریدا و پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە، گیانى لەدەستداوە.

دواى ڕووداوەکە، بنکەی پۆلیسی سیروان لە هەڵەبجە دۆسیەی لێکۆڵینەوەى کردووەتەوە و لێکۆڵینەوەى لەرووداوى گیانى لەدەستدانى کاوان دەستپێکردووە.