گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە دەمەبۆڵەوە بۆ چەقۆلێدان

دانپێدانانى ئەو ژنەى لە سەیدسادق پیاوەکەى خۆى کوشت

2021.04.19 - 21:21
App store icon Play store icon Play store icon
دانپێدانانى ئەو ژنەى لە سەیدسادق پیاوەکەى خۆى کوشت

ناس کورد-

"دەمەبۆڵەیەکى ئاسایی" هۆکارى پشت کوشتنى پیاوێک بوو لە سەیدسادق لەلایەن ژنەکەیەوە، ئەوەش بە وتەى دانپێدانانەکانى ئەو ژنە لە بەردەم پۆلیس لەبارەى ڕووداوەکەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕووداوەکە دوێنێ یەکشەممە لە سەیدسادق ڕوویدا، کاتێک ژنێک بەناوى (پ. ح . ح) تەمەن 41 ساڵ، بە چەقۆ مێردەکەى خۆى بەناوى (س. ع. ئـ) کوشت کە تەمەنى 45 ساڵ بوو.

 

ئەو ژن و پیاوە خاوەنی چوار منداڵن کە یەکێکیان شیرە خۆرەیە، بەوتەی ژنەکە کە لەبەردەم پۆلیس قسەی کردووە، کێشەکەیان لەسەر "دەمەبۆڵەیەکی ئاسایی" بووە و هیچ کێشەیەکی ئەخلاقی و مادی نەبووە لە نێوانیان.

 

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سەیدسادق لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (19ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، ژنەکە وتویەتى پێشتر چەند جارێک کێشە و دەمەبۆڵە لە نێوانیان روویداوە، بەڵام دوێنێ کە ئەو چەقۆیەی لێداوە ئاگای لەخۆی نەبووە.

 

وتیشى، "کێشەیان لەسەر شتی ڕەوشتی و دارایی نەبووە، بەڵکو وەکو ژنەکە باسی کردووە ڕۆژێک پیشتر دەمەبۆڵەیەکی ئاسایی لە نێوانیان روویداوە، بەوتەى خۆى پیاوەکەی بۆی خراپ بووە و ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی ڕۆژی دواتر کێشەکە سەرهەڵبداتەوە".

 

بەوتەى سەرچاوەکە، بێ ئەوەی هاوسەرەکەی ئاگاداربێت ژنەکە چووەتە مەتبەخەکەیان و چەقۆیەکی هەڵگرتووە و لە سەر دڵی پیاوەکەی داوە.

 

لەدواى ڕووداوەکەوە، ژنەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

 

پێشتر بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە سەیدسادق بە "ناس کورد"ی وت، "تەرمی پیاوەکە هێنراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان و چەقۆیەک بەسەر دڵییەوە بووە".



وتیشی، "تاوەکو گەیەنراوەتە نەخۆشخانەکە پیاوەکە خوێن لە جەستەیدا نەماوە و گیانی لەدەستداوە، دواتریش تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە."