گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى عێراق دیارى کرا

2021.04.19 - 12:05
App store icon Play store icon Play store icon
پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى گشتى عێراق دیارى کرا

ناس کورد-

وەزارەتى دارایى عێراق بودجەى 2021ى عێراق خستە بوارى جێبەجێکردنەوە و پشکى هەرێمى کوردستانیش لە بودجەکە دیارى کرا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

وەزارەتى دارایى عێراق (19ى نیسانى 2021) بودجەى گشتى 2021ى عێراقى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە و پشکى هەرێمى کوردستانیش لە بودجەکە بە 11,4 ملیار دینار دیاریکرا.

 

پێشتر ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى (19ى نیسانى 2021) بڵاوى کردەوە، وەزارەتى دارایى بودجەى 2021ى خستە بوارى جێبەجێکردن و لەو بارەیەوە ڕێنمایى پێویستى ئاراستەى وەزارەت و دامەزراوەکانى دەوڵەت کرد.   

  

هاوکات بەگوێرەى رۆژنامەکە لە ئێستادا حەسەن کەعبى، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق سەرۆکایەتى کۆبوونەوەیەکى گرنگ لەگەڵ پارێزگارەکان و وەزیرى دارایى و وەزیرى پلاندانان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى جێبەجێکردنى بودجەکە.  

  

پێشتر ڕۆژنامەى وەقایعی فەرمیی حکومەتی عێراق یاسای بودجەی ساڵی 2021ی بڵاوکردەوە تاوەکو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە.    

  

فازڵ نەبی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی (17ی نیسانی 2021) وتی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، كە باج لەسەر موچەی فەرمانبەران دابنرێت، تەنھا ئەوانە نەبێت كە موچەیان كەمە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و ھیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، بۆیە بڕیارەكە سەرناگرێت، چونكە پەرلەمانیش وەڵامیان داوەتەوە و ئەو داواكارییەیان ڕەت كردووەتەوە، بۆیە ئەگەر حكومەت جێبەجێی بكات، كێشە دروست دەبێت و پەرلەمان بەڵگەی یاسایی لە بەردەستە، چونكە لە یاسای بودجەدا باسی باجدانان لەسەر موچە نەكراوە.    

  

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق وتیشی، "ئێستا بودجە لە وەزارەتی داراییە و لەبەر ئەوەی پەرلەمان دەستكاریی زۆری دەق و ماددەكانی نێو بودجەی كردووە، پێداچوونەوەیەكی باشی دەوێت. من پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كرد و ئەوان باسیان لەوە كرد، كە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچوونەوە بە یاسای بودجە و دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و ھەفتەی داھاتوو دەست بە خەرجكردنی دەكرێت".    

  

نەبی باسی لەوەش كرد، "لەگەڵ خەرجكردنی بودجە، لە ھەفتەی داھاتوودا پشكی ھەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت، چونكە پشكی ھەرێمی كوردستان ناردنی ئاسانە و تەنھا 250 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی داھات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاری دەكرێت و پارەكە رەوانە دەكرێت، بۆیە كاتی زۆری وەكو پێشوو ناوێت و لە ماوەیەكی كەمدا خەرج دەكرێت، چونكە مانگانە بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ھەرێمی كوردستان چەندە، ئەوەندە رەوانە دەكەن".    

  

دەشڵێت، گرنگە لیژنەیەكی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت بۆ ناردنی پشكی ھەرێم لە بودجەدا، چونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنە ھەبێت، رێگە نادات ناردنی پشكی ھەرێمی كوردستان دوابكەوێت.