گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارتى لەبارەى دۆزینەوەى ’’تەرم’’ لەبارەگایەکى رونکردنەوە دەدات

2021.04.18 - 23:02
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى لەبارەى دۆزینەوەى ’’تەرم’’ لەبارەگایەکى رونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

ئەنجوومەنى سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانى پارتى وەڵامى راکان جبورى پارێزگارى کەرکوک دەداتەوە لەبارەى "دۆزینەوەى تەرم" لەناو بارەگاى پارتى لەکەرکوک پێش رووداوەکانى ١٦ى ئۆکتۆبەر و دەڵێت ئەو تۆمەتە دوورە لە راستى یەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی رونکردنەوەیەکى ئەنجومەنەکە "ئەو تۆمەتە هیچ جۆرە بنەمایەكى نییە و دورە لە راستییەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان واقعی سەربازی سەپێندراوى قەبووڵ نەبووەو لەو كاتەوە تاكو ئێستا".

 

دەقى رونکرنەوەکە:

 

روونكردنەوەیەك لە ئەنجوومەنى سەركردایەتی كەركووك-گەرمیانى پارتى دیموكراتى كوردستان

 

لە چاوپێكەوتنێكی پارێزگاری نایاسایی سەپێندراوی كەركوك بەوەكالەت (راكان سعید) جارێكی تر تۆمەتى خستۆتەوە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان بەوەی كە چەند تەرمێك لە بارەگای ئەنجوومەنى سەركردایەتى كەركوك ــ گەرمیان دۆزراوەتەوە (4) چوار رۆژ  پاش خیانەتی (16ی ئۆكتۆبەر).

 

لێرەدا بۆ رای گشتى راى دەگەیەنین كە ئەو تۆمەتە هیچ جۆرە بنەمایەكى نییە و دورە لە راستییەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان واقعی سەربازی سەپێندراوى قەبووڵ نەبووەو لەو كاتەوە تاكو ئێستا هیچ كات پارتیمان ئەو پارێزگارە سەپێندراوە نا یاسایی و نا دەستووریەى بە پارێزگار نە ناساندووەو بە هیچ شێوەیەك مامەلەى لەگەڵ نەكردووە و هەر بۆیەش ئەم جۆرە تۆمەتانە دروست دەكات.

 

بارەگاكانى پارتیمان بارەگاى حزبی سیاسییەو چالاكی سیاسی تێدا ئەنجام دەدرا، لە دواى خیانەتى (16ی ئۆكتۆبەر) پارتیمان لە كەركوك نەبووە و بارەگاكانمان داگیركراون و بوونى تەرم لەو شوێنە ئەگەر هەبووبێت هیچ پەیوەندییەكى بە پارتیمانەوە نییە.

 

بە پێچەوانەوە ئەو شوێنە دواى داگیركردنى بۆ ماوەیەك بوبووە شوێنى گرتن و ئەشكەنجەدانی كەوادر و لایەنگران و ئەندامانى پارتیمان.

لە دووبارە بوونەوەى ئەو جۆر لێدوانە نا بەرپرسانە وێراى ئەوەى بە توندى ئەو جۆرە تۆمەتانە رەت دەكەینەوە، دەبێت رێكارى یاسایی بگیرێتە بەر لەسەر ناوبراو، داواش دەكەین لێكۆڵینەوەى ورد بە بەشدارى پارتی لە ژێر چاودێری (UN) لە بابەتەكە بكرێت. ئێمە باش دەزانین كە ئەم قسە و تۆمەتانە بۆ رێگرى كردن و دروستكردنى كۆسپە بۆ گەڕانەوەى پارتیمان بۆ شارى كەركوك.

لێرەدا راى دەگەیەنین راكان حەز بكات یان حەز نەكات با لەوە دڵنیا بێت كە پارتى بۆ كەركوك دەگەڕێتەوە و ئەو ئیدارە نایاساییەش بەم شێوەیەى ئێستا نامێنێت.