ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەبارەی دروستبوونی شەڕەتەقە لەسەر کڕین و فرۆشتنی قەنەفە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە بازاڕی (شێخ مصطفى) دوو لایەن لەسەر مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی کەل و پەلی ناوماڵ توشی دەمەقالێ بوون، بەداخەوە لە ئەنجامدا لایەنێک هەڵسا بە تەقەکردن، بەڵام هیچ کەسێک قوربانییەکی لێنەکەوتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " هەمان کات توانیمان تۆمەتبارێک بە ناوی (ئ.م.ص) دەستگیر بکەین كە هەڵسابوو بەتەقەکردن، هەرچەندە هەردوو لایەن لە نێوان خۆیاندا ئاشت بوونەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەقەکردن مافی گشتی دەیگرێتەوە، پەراوی بۆ رێکخرا و رەوانەی دادگا کراوە بۆ وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پۆلیسی هەولێر، لە پێناو پاراستنی سەر و سامانی هاووڵاتیاندا، شەو و ڕۆژ لە ئەرکدایە و خۆمان بە خزمەتکاری هاووڵاتیان دادەنێین."