گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس كورد ژمارەكانی پەیوەندیكردن بەلیژنەكان بڵاودەكاتەوە

چاودێری بازرگانی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخ دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان

2019.03.09 - 10:23
چاودێری بازرگانی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخ دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان

 

 

ناس كورد- شۆڕش محەمەد

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان كە رێگری دەکەن لە بەرزبوونەوەی نرخی شتومەك ‌و كاڵاكان لەبازاڕەكاندا، بۆ ئەو مەبەستەش چوار ژمارەی تەلەفۆن رادەگەیەنێت بۆ پەیوەندی هاووڵاتیان بەلیژنەكانیانەوە.

 

سۆران عەبدولغەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "ئێمە وەك چاودێری بازرگانی، هەموو رۆژێك نرخەكان وەردەگرین لەشوێنەكان بەتایبەتی نرخی ئەو شتومەك ‌و كاڵایانەی كە رۆژانە هاووڵاتیان بەكاریدەهێنن".

 

لە بارەی ڕێکارەکانیانانەوە بەڕێوبەری چاودێری بازگانی سلێمانی وتی: "هەندێک جار بەرزكردنەوەی نرخ لەلایەن كۆمپانیاكانی تایبەت بەشتومەك ‌و كاڵاكانە‌، هەندێك جاریش لەلایەن فڕۆشگە نێوخۆییەكانەوەیە، بۆیە هەر حاڵەتێكی بەرزبوونەوەی نرخ هەست پێ‌ بكەین دەستبەجێ‌ بەدواداچوونی بۆ دەكەین، شوێنی لایەنی سەرپێچیكاریش دادەخرێت ‌و دەدرێتە دادگا".

 

سۆران عەبدولغەفور دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان ‌و ئاماژە بەوە دەكات: "لە ئێستادا چەندین هەرزانە بازاڕمان لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەیە، كە بەنرخی كەمتر لە كۆ شتومەك ‌و كاڵاكان دەفڕۆشن‌، ئەمەش وایكردووە بەشێوەیەكی بەرچاو نرخەكان لەشاری سلێمانی دابەزین بەخۆیەوە ببینێت".

"دڵنیایی دەدەینە خەڵك، رێگری لەبەرزكردنەوەی نرخ لەناو بازاڕەكان دەكەین" بەڕێوبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وای وت.

بۆ گەیاندنی سكاڵای هاووڵاتیانیش لەهەر دیاردەیەكی بەرزبوونەوەی نرخ، سەرۆكی لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی بۆ ناس كورد چوار ژمارەی پەیوەندی بەلیژنەكانیان راگەیاند و وتی: "هاووڵاتیان لەرێگەی چوار ژمارەی تەلەفۆنەوە دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بكەن‌و سكاڵاكانیان بگەیەنن، ئەوانیش (100 بێبەرامبەر، 07701450755، 07701432224، 07707660909) هەر هاووڵاتییەك سكاڵای هەبوو لەسەر هەر جۆرە شمەكێك كە زانی نرخەكەی بەرزبۆتەوە یان غەدری لێكراوە، دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بكات بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بكەین".