گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوو هۆكار لەپشت هێرشەكەی هەولێر ئاشکرا دەکات

2021.04.16 - 08:50
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوو هۆكار لەپشت هێرشەكەی هەولێر ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق هێرشەكانی سەر هەولێری بەستەوە بە هۆشداریدان لە نزیكبوونەوەی زیاتر لە ئەمەریكا لەگەڵ هەوڵی ئاڵۆزكردنی بارودۆخی عێراق بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هەیسەم جبوری لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ مەلا تەلاڵ كە "ناس كورد" دیویەتی (16 نیسانی 2021) وتی، "ململانێكە ڕوونەو ناشاردرێتەوە کە ئەمەریكی و ئێرانییە، هێرشەکانیش پەیامێکە بۆ ئەوانەى دەیانەوێت ببنە هاوپەیمانی ئەمەریكا و ئاماژەیەکە کە دەڵێت دەتوانین پێتان بگەین لەهەرکوێیەک هەیە، چونكە كوردستان پاڵێوراوە بۆ ئەوەی ببێتە هاوپەیمانی ئەمەریكا."

وتیشی، كار و كاردانەوەی ئەمەریكا و ئێران قوربانییەكەی عێراقین و ئێمە وەك سیاسەتوان ڕازین بەوەی گۆڕەپان بین بۆ ئەو كێشەیە، "ئەمەش ئەوەیە كە دەبێت حكومەتی عێراق هەوڵی چارەسەركردنی بدات نەك ئەوەی كە لێكۆڵینەوە دەكەین و بەدوایدا دەچین."


هەیسەم جبوری باسی لەوەشکرد، "پەیامەكان سیاسی و ئابووری و میدیایین و ڕەنگە بۆ ئەوەبێت هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت چونكە لایەن هەن زەرەر دەكەن لەو هەڵبژاردنە و دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە دوای بخەن."

 

شەوی چوارشەممە، 14ی نیسانی 2021، فڕۆکەى بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر ، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وتی، ئەو هێزەى هێرشەکەى هەولێرى ئەنجامداوە ئیمکانیاتی زۆری ھەبووە و پشتگیریی دەکرێت.

 

بابەکر زێباری بە پێگەى فەرمى پارتى ڕاگەیاندووە، "ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، توانای زۆریان ھەیە کە فڕۆکەیان ناردووە و تەقەمەنییان بەرداوەتەوە و لەو شوێنەی مەبەستیان بووە تەقیوەتەوە، کە ئەوە لە کامێراکان دەرکەوتووە، بۆیە ئەوانە چەکی باشیان ھەیە و پشتگیرییان دەکرێت، ئەگەر نا ناتوانن ئەو کارە بکەن".

 

وتیشی، "ئەوانە، ئەو کارە لەسەر سنووری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق لەو ناوچانە دووریان بخاتەوە و ھێزی خۆیان لە شوێنی ئەوان دابنێت، یان بە ھێزی ھاوبەش پڕی بکەنەوە، ئەگەر نا ئەو جۆرە ھێرشانە بەردەوام دەبن".

 

راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێم باسى لەوەشکرد، ئەوان ھاوپەیمانان دەکەنە ئامانج، بۆیە پێویست بوو بێدەنگ نەبن و کاردانەوەیان ھەبێت و لە تۆڵەی ئەوە، دەبووایە 20 جار ئەوانیان بۆردوومان کردبووایە، بۆیە ئەو مەترسییە بەردەوام دەبێت تا ئەوانیش بەو شێوەیە بەردەوام بن و رێگرییان لێ نەکرێت.

 

هەروەها بەدر زیادى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لەپەرلەمانى عێراق (15ى نیسانى 2021) بەناوەندى هەواڵى نیشتیمانى ڕاگەیاندووە، بەپێى زانیارى و لێکۆڵینەوە بەراییە ئەمنیەکان فڕۆکەیەکى بێ فڕۆکەوان دوێنێ شەو فڕۆکەخانەکەى کردووەتە ئامانج لەشارى هەولێرەوە فڕیوە.

 

ئەو پەرلەمانتارە داواش دەکات، حکومەتى فیدراڵ و هەرێم هاریکارى یەکتر بکەن بۆ ڕاگرتنى ئەو پێشێلکارییانەى کە بەمدواییانە ئەنجامدەدرێن.