ناس کورد-
لەدوای دروستبوونی گرژییەکانی دوێنێ لە یادی ئەنفال لە مەزاری شەهید و ئەنفالکراوانی دێبنە لە ناحیەی ڕزگاری، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای شەهیدانی گەرمیان سکاڵا لەسەر کوڕە ئەنفالێک تۆماردەکات، ئەو کوڕە ئەنفالە کە خۆشی ڕزگاربووی ئەنفالە دەڵێت، بەمشێوەیە پاداشتی کەسوکاری ئەنفال دەدەنەوە و دەستگیریان دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دوێنێ چوارشەممە 14ی نیسانی 2021، لەسەر مەزاری شەهید و ئەنفالکراوانی دێبنە لە ناحیەی ڕزگاری، کەسوکاری ئەنفالکراوان ڕەخنەیان لە بەرپرسانی حزبی و حکومی گرت کە دوای 30 ساڵ هێشتا داواکاریی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان جێبەجێنەکراون و لە ژیانێکی سەختدا دەژین، ئەوەش بووەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی نیسان، جەبار عومەر، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای شەهیدانی گەرمیان، لە پۆلیسی گەرمیان سکاڵای یاسایی لەسەر یەکێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بەناوی دڵشاد عەزیز تۆمارکردووە.
لەوبارەیەوە دڵشاد عەزیز، ڕزگاربووی ئەنفال و کوڕە ئەنفال بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بەڵێ لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی دەزگای شەهیدانی گەرمیان سکاڵام لەسەر تۆمارکراوە و ئەمڕۆ چوومەتە بنکەی پۆلیس، بەڵام وتوویانە دەوام نییە و یەکشەممە وەرەوە."
وتیشی، "ڕۆژی یەکشەممە دەچمە بنکەی پۆلیس و ئامادەم بشچمە بەردەم دادوەر، چونکە من هیچ تەشهیر و قسەیەکم بەرامبەر هیچ کەسێک نەکردووە و خۆم بە تاوانبار نازانم."
ئەو کوڕە ئەنفالە ئاماژەی بەوەشکرد، "دوێنێ لەسەر مەزارەکە چەند کەسوکارێکی ئەنفال ڕەخنەیان لە بەرپرسان گرت بێ ئەوەی هیچ قسەیەکی نەشیاو بکەن، بەڵام بەڕێوەبەری گشتی دەزگای شەهیدانی گەرمیان و پاسەوانەکەی هێرشیکردە سەریان و ئێمەش ئەوەمان پێ قبوڵ نەکرا و وەڵاممان دانەوە."
ڕوونیشیکردەوە، پاسەوانەکەی بەڕێوەبەری گشتی دەزگای شەهیدانی گەرمیان بە تاقانەیەکی ئەنفالی دەوت، "پێڵاو دەخەمە دەمییەوە" بۆیە ئەوانیش توڕە بوون و وەڵامیان داونەتەوە، بەڵام نە پەلاماری کەسیان داوە و نە جنێویشیان بە کەس داوە، تاوەکو سکاڵایان لەسەر تۆمار بکرێت.
ئەو ڕزگاربووەوەی ئەنفال باسی لەوەشکرد، "بەمشێوەیە پاداشتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەدەنەوە، لە بەرامبەر داواکردنی مافی خۆماندا سکاڵامان لەسەر تۆماردەکەن و دەستگیرمان دەکەن، من باوکی خۆمم نەدیوە و یەکێکم لەو کەسانەی لە شاڵاوەکانی ئەنفال ڕزگارم بووە و لە مەرگ گەڕاومەتەوە، زیاتر لە 200 کەس لە کەسوکارم ئەنفال کراون، بەڵام بەمشێوەیە پاداشتم دەدرێتەوە."
لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا ڕژێمی بەعس زیاتر لە 182 هەزار هاووڵاتی کوردی کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵ کرد و ساڵانە لە 14ی نیسان یادی ئەو مەرگەساتە دەکرێتەوە.