گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سزای مەترسیدار چاوەڕێی تورکیا دەکات

ئەمریکا بۆ تورکیا: نابێت سیستمی بەرگری ئێس-400ی ڕووسی بکڕن

2019.03.09 - 09:29
ئەمریکا بۆ تورکیا: نابێت سیستمی بەرگری ئێس-400ی ڕووسی بکڕن

 

ناس کورد-

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هەڕەشە لە تورکیا دەکات، لە ئەگەری کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-400ی ڕووسی، کە بڕیارە تورکیا هاوینی داهاتوو ببێت بە خاوەنی.

پاش ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆککۆماری تورکیا کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-400ی ڕوسی ڕاگەیاند، لە وەڵامدا تشارڵز سامەرز وتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە هەڕەشەی لە تورکیا کرد و ڕایگەیاند: "لە ئەگەری کڕینی سیستمی بەرگری ئێس-400 لە لایەن تورکیاوە، ئەوا سزای مەترسیدار چاوەڕێی تورکیا دەکات لەڕوی پەیوەندییەکانمان بە گشتی و پەیوەندییە سەربازییەکانیشمان بە تایبەتی".

بڕیارە هاوینی داهاتو تورکیا ببێت بە خاوەنی ئەو سیستمە بەرگرییە، بەڵام ئەو پرسە ناکۆکییەکی گەورەی لە نێوان تورکیا و ئەمریکا دروستکردووە، وەزیری بەرگری تورکیا لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاندووە: "سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسی 'ئێس-400' لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لە تورکیا جێگیردەکرێت".

هەرچەندە وەک پیشاندانی نیازپاکی، ئەمریکا بڕیاریدا بە فرۆشتنی سیستمی بەرگری لە جۆری "پاتریۆت" بۆ ئەوەی تورکیا سیستمە بەرگرییەکەی ڕووسیا نەکڕێت، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆگان چوارشەممەی ڕابردوو لە وتارێکدا ڕایگەیاند: "هیچ بوارێک نەماوە پاشگەزببنەوە لە ڕێککەوتنەکەی ڕووسیا".

سەرکردەیەکی باڵا لە هێزەکانی هاوپەیمانی ئەطلەسی لە ئەوروپا کۆرتیس سکاباروتی ڕایگەیاندووە: "لە ئەگەری کڕینی موشەکی بەرگری 'ئێس-400' لەلایەن تورکیاوە، ناتوانین ڕێگا بدەین فڕۆکەی جۆری ئێف-35 بەو ناوچەیەدا بفڕێت، بەهۆی ئەو سیستمە بەرگرییە ڕووسییەوە".