ناس کورد-
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ناحیەی تەقتەق ژنێک لەلایەن باوکییەوە کوژرا و تەرمەکەی لە لێواری زێی بچوک فڕێدرا، پۆلیسی ناحییەکەش دەڵێت، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ماڵی خەزوری ژنەکە، ژنەکەیان داوەتەوە بە باوکی، لە ئەنجامدا ئەویش کوشتوویەتی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی نیسانی 2021، پۆلیسی تەقتەق لە بوونی تەرمی ئافرەتێک ئاگادارکرایەوە کە لە لێواری زێی بچوک کەوتبوو و سەرەتا وا دەرکەوت کە کەوتووەتە ئاوەکەوە و خنکاوە.
نەقیب هەرێم دڵشاد، لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی تەقتەق بە "ناس کورد"ی وت، "لەدوای لیکۆڵینەوەکان و توێکاریی بۆ تەرمەکە، دەرکەوت کە ئافرەتەکە پێشتر خنکێندراوە و دواتر فڕێدراوە."
وتیشی، "لێکۆڵینەوەمان دەستپێکرد و دەرکەوت و دوای دەستبەسەرکردنی باوکی ئافرەتەکە، سەرەتا نکۆڵی دەکرد، بەڵام دواتر دانی بەوەدانا کە ئەو کوشتوویەتی و تەرمەکەی لەوێ فڕێداوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئافرەتەکە تەمەنی 23 ساڵ بووە و هاوسەرگیریی کردووە و خاوەنی منداڵێکە، ڕووداوەکەش بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە."
ڕوونیشیکردەوە، "ئافرەتەکە کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەبووە و دوای ئەوەی ماڵی خەزوری ڕادەستی باوکیان کردووەتەوە، باوکیشی لە ئەنجامدا کچەکەی کوشتووە."