گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشبینییەک لە فراکسیۆنى پارتى یەوە بۆ وادەى ناردنى پشکى هەرێم

2021.04.15 - 13:56
App store icon Play store icon Play store icon
پێشبینییەک لە فراکسیۆنى پارتى یەوە بۆ وادەى ناردنى پشکى هەرێم

ناس کورد-

 

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق پێشبینیدەکات بەمنزیکانە بەغدا بەشە بودجەى هەرێم رەوانە بکات، بەپێی یاساى بودجە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەیادە نەجار ئەمڕۆ پێنج شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى ئاماژەى بەوەکرد، تا ئێستا هیچ کێشەیەک نییە بۆ جێبەجێکرنى یاساى بودجە، بەم نزیکانە یاساکە جێبەجێدەکرێت و پشکى هەرێمیش دەنێردرێت.

 

وتیشى "بەپێی یاساى بودجە بەغدا بەتەواوى دانییناوە بە دۆسیەى نەوت  گازى هەرێم و لەمەودوا ناتوانن بیانوى پێ بگێڕن".

 

مەیادە نەجار باسى لەوەشکرد، لیژنەیەکى هاوبەشى هەرێم و بەغدا پرسە هونەرییەکانى تایبەت بە جێبەجێکردنى بودجە چارەسەر دەکەن.

 

رۆژى چوارشەممە 31 ى ئازارى 2021 پەرلەمانى عێراق پڕۆژەى بودجەى عێراقى پەسەندکرد، دواتریش سەرۆکایەتى کۆمار پەسەندیکرد، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

 

بەپێی یاساى بودجە، پشکى هەرێم بە نزیکەى 12 ترلیۆن دینار دیاریکراوە، لەبەرانبەر رادەستکردنى داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان، بەڵام هیچ میکانیزمێک بۆ دیاریکردنى ئەو پابەندییانە دیارینەکراوە.  

  

شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رۆژى سێشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند "پێموایە پەنابردن بۆ مەقاسە بۆ هەژمارکردنى پابەندبوونەکانى هەرێم و بەغدا و شایستە داراییەکان باش نییە، چونکە وا دەکەوێتەوە کە بەغدا پارە رەوانە دەکات و هەرێمیش هیچ نانێرێت، لەکاتێکدا وانییە".  

  

وتیشى "لەجیاتى ئەوە واباشترە لەلقى بانکى ناوەندى لە هەولێر کە هەژمارێکى تایبەت هەیە بۆ ئەو پارانەى بەغدا رەوانەى دەکات، هەژمارێکى دیکەش بکرێتەوە بۆ ئەو داهاتانەى هەرێم رەوانەى بەغداى دەکات، بۆ ئەوەى لەکۆتایی ساڵ دەربکەوێت کە هەرێم چەندە بەشدار بووە لە زیادکردنى داهاتى عێراق".  

  

بەوتەى شیروان میرزا، پەیڕەوکردنى ئەو ڕێگەیە، کۆتایی بەو قسە و باسانە دەهێنێت کە دەڵێن بەغدا پارە رەوانە دەکات و هەرێمیش هیچ نانێرێت.  

  

تا ئێستا دیار نییە لە رێنماییەکانى جیبەجێکردنى یاساى بودجەدا کە هەرێم داوایکردووە بەشداربێت لە داڕشتنیدا، چى میکانیزمێک دادەنرێت بۆ دیاریکردنى پابەندییەکان.  

  

شیروان میرزا وتى، بڕیارە شاندى هەرێم بچێتەوە بەغدا و پێدەچێت ئەو پرسە بەهەماهەنگى یەکلایی بکرێتەوە.  

  

بەهۆى دیارینەکردنى هیچ میکانیزمێکەوە، تا ئێستا بەتەواوى نازانرێت بەغدا چەندێک پارە رەوانەى هەرێم دەکات، بەو هۆیەشەوە بەرپرسانى هەرێم جەختدەکەنەوە کە بەرچاویان روون نییە و نازانن داهاتى مانگانەیان چى گۆڕانکارییەکى بەسەردا دێت.  

  

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان (12ی نیسانی 2021) ڕایگەیاند، میکانیزمى هەژمارکردنى پشکى هەرێم لە یاساى بودجەى عێراق پێویستى بە ڕێککەوتنى نوێ هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش شاندى هەرێم دەچێتەوە بەغدا.    

  

زیاد جەبار بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا دیار نییە مانگانە حکومەتی فیدراڵ چەندە داهات ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات ئەوەش بەهۆی ئەوەی وردەکاری ماوە لەبارەی ڕێککەوتنەکە.  

  

ڕوونیشیکردەوە، "پێویستە دوای دەرکردنی ڕێنمایی لە وەزارەتی دارایی عێراق تایبەت بە یاسای بودجە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێم کۆببنەوە بەتایبەت بۆ پرسی فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەی کە ئایا بە چ میکانزمێکە، داهاتەکەی لێ دەردەکەن یاخود چۆن دەبێت، ئەمانەش تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوەو ڕەنگە بۆ ئەوەش پێویست بکاتەوە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە".    

  

زیاد جەبار باسى لەوەشکرد، رۆژى دووشەممە وەزارەتی دارایی هەرێم نوسراوی کردووە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و داوایکردووە میکانزمى ناردنى پارەکە دیاری بکرێت چۆن دەبێت، لێدەرکردنە یاخود ناردنی داهاتەکەیەو ئەوەش پێویستی بە ڕێککەوتنە.    

  

سەبارەت بەوەی داواکراوە حکومەتی فیدراڵی لەسەرەتای ئەمساڵەوە پابەندی یاسای بودجەی 2021 بێت و داهاتی ئەو مانگانە ڕەوانە بکات، ئایا حکومەتی هەرێمیش پابەندی ناردنی داهاتی ئەو سێ مانگە دەبێت، سەرۆکی لیژنەی دارایی وتی، "بێگومان دەبێت هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە پابەندبێت".