گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

فەرمانێك لە كازمییەوە لەبارەی هێرشە موشەكییەكەی هەولێر

2021.04.15 - 03:07
App store icon Play store icon Play store icon
فەرمانێك لە كازمییەوە لەبارەی هێرشە موشەكییەكەی هەولێر

ناس كورد_

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران فەرمانیكرد بە لێكۆڵینەوەی بەپەلە لە هێرشەكانی سەر هەولێر و ڕایگەیاند ئاسایشی عێراق بەرپرسیارێتی حكومەت و سەرجەم هێزە ئەمنییەكانە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

كازمی لە بەیاننامەیەكدا كە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاویكردووەتەوە ( 15 نیسانی 2021)، جەخت لەوە دەكاتەوە ئەم جۆرە كارانە تیرۆریستین و لەمانگی ڕەمەزاندا ئامانجیان شێواندنی ئاسایشە. 

پێشتر هەر لەمبارەیەوە د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە رێگای تویتێكەوە رایگەیاند، "دووبارەبوونەوەی بەئامانجگرتنی ھەولێر، پێشتریش بەغدا و ناوچەکانی دیکە، کارێکی تیرۆریستییە، بەئامانجگرتنی ئاسایشی ھاووڵاتیان و رێگریکردن لە ھەوڵە نیشتمانییەکان بۆ پاراستنی ئارامی و سەروەری وڵات". 

هەروەها سەرۆك كۆمار دەڵێت "بەتووندی سەرکۆنەی دەکەین، پێویستە تواناکان یەکخرێن بە ئاڕاستەی پشتیوانی لەھێزە ئەمنییەکان تاوەکو سەروەری یاسا بسەپێنن و ھاووڵاتیان بپارێزن و تیرۆر و دەرچووان لە یاسا ریشەکێش بکەن".

لەلای خۆشییەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە لەبارەی بەئامانجگرتنی هەولێر كە ئەمە دەقەكەیەتی: 

بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک و ئەو گرووپە تیرۆریستییەی لە پشت ئەم کارەوەن دەکەم.

هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیار و ئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لەسنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە. لە ڕۆژانی داهاتوودا من لەگەڵ هاوبەشانمان لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم.

ئەمشەو لەگەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان قسەم کرد، بۆ جەختکردنەوە و دووپاتکردنەوەی هەماهەنگیمان دەربارەی ئامانجی هاوبەشمان بۆ لێپرسینەوە لەو گرووپە نایاساییانە.

خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو، باجی کردەوەکانیان دەدەن.