ناس کورد-
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریدا جارێکی تر خوێندن بۆ قۆناغەکانی سەرەتایی لە قوتابخانەکاندا لە 18ی ئەم مانگەدا دەست پێبکاتەوە، ئەوەش بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو، ئاماژە بەوەش کراوە، هەنگاوەکانی گۆڕینی مەنهەجی خوێندن بۆ شێوازی ئەلکترۆنی لەقۆناغی کۆتایدایە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتی پەروەردەى عێراق (14ی نیسانی 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، لە کۆبوونەوەیەکدا عەلی حەمید دلێمی، وەزیری پەروەردە و ژمارەیەک بەڕێوەبەرى گشتی وەزارەتەکە بڕیاریانداوە دەوامی خوێندنی قۆناغی سەرەتایی پۆلەکانی (یەکەم، دووەم و سێهەم) لە قوتابخانەکاندا لە 18ی ئەم مانگەدا جارێکی تر دەست پێ بکاتەوە".
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، پۆلەکانی دیکەی خوێندن بە شێوازی ئەلکترۆنی بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا ڕێنمایی نوێ دەر دەکات".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "بڕیاردان لەسەر دەوامی ئەو قۆناغە گرنگی خۆی هەیە بەوپێیەی ئەو قۆناغانە قۆناغی سەرەتاین و پێویستە بۆ بەهێزکردنی بناغە و ئاستی فێربوونیان لە بابەتە بنەڕەتییەکان وەک زمان، بیرکاری، زانست و پەروەردەی ئیسلامی لەلایەن مامۆستاکانیانەوە لە پۆلدا فێر بکرێن".
ئەوەشخراوەتەڕوو "وەزیری پەروەردە تاوتوێی گۆڕینی مەنهەجی خوێندنی هەموو قۆناغەکانی کردووە لە شێوازی پەرتوکییەوە بۆ شێوازی ئەلکترۆنی کە ئێستا ئامادەکارییەکانی ئەو پرۆسەیە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی".