ناس کورد-
دواى حەوت ساڵ لەبێدەنگى و جێهێشتنى وڵات، حاکم هاوژین ئەمین وردەکاریی هەڕەشەکانى سەرى ئاشکرادەکات بەهۆى دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردن بۆ جاش و موستەشارەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حاکم هاوژین لەمیانەى چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ڕۆژنامەى (پرس) کە تایبەتە بە جینۆسایدى ئەنفال و لەگەرمیان دەردەچێت ئەوەى ئاشکرا کردووە، لەسەرەتاى دەستبردنى بۆ کەیسى دەستگیرکردنى تۆمەتبارانى جینۆسایدى ئەنفال بەئاشکرا دژایەتى نەدەکرا و پێیوابوو کارێکى قورسە دژایەتى دادوەرێک بکرێت و لەسەریان دەکەوێت، بۆیە هەڕەشەکانى بەجدى وەرنەگرتوووە بەڵام دواى سزادانى هەڕەشەکانى سەرى فراوان بوون و ئەویش بەناچارى هەرێمى جێهێشتووە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، پاش جێهێشتنى هەرێمى کوردستان بەهۆى کێشەى دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردن بۆ سێ جاش و موستەشار، جارێکى تر ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمى کوردستان فەرمانى دەستگیرکردنى ئەو جاش و موستەشارە تۆمەتبارانەى ناردووە بۆ دادگاکان "ئەگەر ئەوانە عەفو کراون چۆن ئەنجومەنى دادوەرى فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەردەکاتەوە".
لەبارەى بڕیارى لێخۆشبوون بۆ تۆمەتبارانى جینۆسایدى ئەنفال لەلایەن بەرەى کوردستانیەوە، حاکم هاوژین دەڵێت، بەرەى کوردستانى دەزگاى دەوڵەتى نییە، لێبوردن لەڕێگەى پەرلەمانەوە یاخود دادگایەکى تایبەتمەندەوە دەدرێت، ئەگەر ئەوانەش لێبوردنەکەیان یاسایى بوو بۆچى لەسەر بنەماى بڕیارەکەى بەغدا لەهەرێم فەرمانى دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو.
دەشڵێت، "لەم هەرێمەدا شتى سەرسوڕهێنەر هەیە ئەو دادوەرى کە دادگاى سەدام دەکات ڕێزى لێ دەگیردرێت بەڵام ئەو دادوەرەى کە بەردەستەکانى سەدام دەستگیر دەکات شار بەدەر دەکرێت".
لەبارەى شێوازى گواستنەوەکەشى لەکفرییەوە بۆ ئامێدى دواى دەرکردنى فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک لە جاش و موستەشارەکان، حاکم هاوژین باسى لەوەکردووە، گواستنەوە سزا نییە، بەڵام ئەوکارە چاو ترساندن و نایاسایى بوو.