ناس کورد-
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، چاكسازی لە بەڕێوەبەرە گشتییەكاندا تەواو بووە و ناوەكان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز كراونەتەوە، لە قۆناغی دواتریشدا دەست بە چاكسازیی ناوی بریكاری وەزیر و وەزیرەكان و ئەندامانی پەرلەمان دەکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان (13ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "کارەکانمان بۆ جێبەجێکردنی مادە پەیوەندیدارەکانی یاسای چاکسازی بە خۆمان بەردەوامە و لەماوەی ڕابردوودا ئەوانەی دوو موچەی خانەنشینییان هەبوو، یان موچەیەكی فەرمانبەری و موچەیەكی خانەنشینییان هەبوو، موچەكانیان ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەش لە دۆسیەكانیان دەستی پێكردووە".
لەماوەی ڕابردوودا وەزارەتی دارایی فۆڕمێکی بۆ چاکسازیی لە خانەنشینانی پلەی وەزیر و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی دابەشکرد.
حازم ئیسماعیل ڕوونیکردەوە، "کارەکانی چاكسازی لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان تەواو بووە و ناوەكان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز كراونەتەوە و تیایدا ئەوە ڕوون كراوەتەوە کە چەندیان نایاسایین و ئەوان بڕیاریان لێ دەدەن، جگە لەوەش چاکسازی لەناوی دادوەران و شارەزاکانیش تەواو بووە."
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، "لەئێستادا لە قۆناغی چاكسازیی لە ناوی ڕاوێژكارانداین، پاش ئەوە دەست بە چاكسازی دەکەین لە ناوی بریكاری وەزیر، وەزیرەكان و زۆر پلەباڵای دیکەش."
حازم ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو، لە چوارچێوەی یاسای چاکسازییدا موچەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان هەموارکراوەتەوە، پێشتر 80%ی موچەیان وەردەگرت، ئێستا، بەڵام ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ 60%."
لەبارەی ئەوەی کەی کارەکانی چاکسازیی تایبەت بە خانەنشینی تەواو دەبێت، حازم ئیسماعیل باسی لەوەکرد، "ئەمە کارێک نییە بە ڕۆژێک و دوو ڕۆژ تەواو بێت، بەڵام پێدەچێت تا کۆتایی ساڵ سەرجەم کارەکانمان تەواو بکەین."