گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەگوازرێتەوە؟

هەرێم؛ لەبارەی ’’پێکهاتەی دروستکەری ڤاکسینی کۆرۆنا’’ ڕوونکردنەوە دەدرێت

2021.04.12 - 13:47
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم؛ لەبارەی ’’پێکهاتەی دروستکەری ڤاکسینی کۆرۆنا’’ ڕوونکردنەوە دەدرێت

 ناس کورد-

پزیشکێکی پسپۆڕی کۆرۆنا ڕەتیدەکاتەوە ئەو کەسانەی ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن بە سوکی توشی ڤایرۆسەکە بن و هۆکارێک بن بۆ گواستنەوەی، دەشڵێت، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە و ڤاکسینەکانی کۆرۆنا ڤایرۆسەکە نین بە لاوازکراوی، داواش لە هاووڵاتیان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە ڤایرۆسەکە بچن ڤاکسین وەربگرن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەزاری بەرپرسێکی پێشووی تەندروستییەوە ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە "ئەو کەسانەی ڤاکسین وەردەگرن پێویستە خۆیان کەرەنتینە بکەن، چونکە ئەو ڤاکسینە ڤایرۆسەکە دەخاتە جەستەی بەکارهێنەران، بۆیە ئەمە هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە و زیاتر بڵاوبونەوەی."

 

لەوبارەیەوە د. زانا حەمید، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لەسەر کۆرۆنا (دووشەممە 12ی نیسانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "پێم سەیرە هەرکەسێکی لە لایەنی تەندروستی ئەو قسەیەی کردبێت، چونکە ئەوە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە و بەهیش شێوەیەک ڤاکسین پێکنەهاتووە لە ڤایرۆسەکە."

 

وتیشی، " ڤاکسینی جۆری ئەسترازینکا پێکهاتووە لە جۆرە ڤاکسینێکی دیکە و تەنها پڕۆتینێکی کۆرۆنای لەسەر دانراوە، نەک ئەوەی ڤایرۆسەکە بێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ئەوە ڕاست نییە کە ڤایرۆسەکە بێت و بگوازرێتەوە، بەهەمانشێوە ڤاکسینی ڤاکسینی و فایزەر و مۆدێرنا و سپۆتینگ-یش بەوشێوەیەن."

 

ئەو پسپۆڕەی کۆرۆنا کە سەرپەرشتیاری تیمی تاقیگەی نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگە لە سلێمانی، ڕوونیشیکردەوە، "ڤاکسینی سینۆفارمی چینی ڤایرۆسەکەیە بە مردوویی و ئەوەش بەماوەیەکی زۆر کەم لەناودەچێت، واتە %100 دەڵنیایی ئەوە هەیە کە جارێکی دیکە ئەو ڤایرۆسە مردووە زیندوو نابێتەوە و ناگوازرێتەوە."

 

لەئێستادا سێ جۆری ڤاکسینی کۆرۆنا کە بریتین لە (ئەسترازینکا، سینۆفارم، فایزەر) لە هەرێمی کوردستان بەردەستن، بەڵام تائێستا 51%ی ڤاکسینەکان بەکارهێنراون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتیان ترسیان هەیە لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە. 

 

د. زانا حەمید دەڵێت، "ئەو دەنگۆیانەی لەسەر ڤاکسین بڵاودەکرێنەوە، هەروەک ئەوانەن کە لە سەرەتای دەرکەوتنی کۆرۆنا بڵاودەکرانەوە، زۆرکەس پێیانوابوو کە کۆرۆنا دروستکراوە و درۆیە، بەڵام بەداخەوە هەزاران کەسمان لەدەستدا و هەندێک لەوانەی کە بڕوایان بە کۆرۆنا نەبوو، ئێستا مردوون."

 

جەختیشیکردەوە، "ئەم دەنگۆیانەی ئێستاش لەسەر ڤاکسینەکان بەهەمانشێوەیە، بەڵام بە تێبەڕبوونی کات ئەوە بۆ خەڵک ڕووندەبێتەوە و بە ناچاری دەچن سەرە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین دەگرن."

 

ئەو پسپۆڕەی کۆرۆنا ڕاشیگەیاند، "تاکە ڕێگەی سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا لەئێستادا وەرگرتنی ڤاکسینە، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەم بچن خۆیان بکوتن، چونکە بەرگرییەک لە جەستەدا دژی ڤایرۆسەکە هەبێت باشترە لەوەی کە هیچ بەرگرییەکت نەبێت."