کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عیراق ئاشكرایكرد كە هەندێک لە سیاسییەكانی عیراق هەست بەوە ناكەن كە چوینەتە قۆناغێكی نوێوە، دەشڵێت ئەو نەوەی ئێستا پێگەیشتون 70%ی عیراق پێكدەهێنن تەمەنیان لە خوار30 ساڵەوەیە، بۆیە پێویستە داهاتویان لە بەرچاو بگیریت.
لەیس كوبە ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عیراق لە میانەی بەشداریكردنی لە شەشەمین دیداری سلێمانی، تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "پێوستە عیراق ڕۆڵی گەورەی خۆی لە ڕوی شارستانییەوە ببینێت لە ناوچەکە، بۆ ئەوەی ببێتەوە بە وڵاتێكی گەورە و خاوەن بڕیار لە ناوخۆ و دەرەوە".
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران وتیشی: "عیراق لە ئێستادا بچوك و لاوازكراوە، بە هۆی كێشە و ململانێ لاوەكییەكانی حزب و كوتلە سیاسییەكانەوە، بۆیە پێوستمان بە دەستخستنە ناو دەستی یەكە بۆ سەرخستنی عیراق و دەرچونی لەو قەیرانانەی ڕوبەڕوی بۆتەوە" .
لە قسەكانیدا لەیس كوبە ئاماژەی بە زیندووكردنەوەی "عیراقی گەورە" كرد كە باوەش بكاتەوە بۆ هەموو پێكهاتەكان بێ جیاوازی.
"ئەو نەوەیەی ئێستا پێگەیشتون 70%ی عیراق پێكدەهێنن تەمەنیان لە خوار30 ساڵەوەیە، پێوستیان بە بەرنامەیەكی تۆكمە هەیە بیانگەیەنێتە 50 ساڵی داهاتوو" لەیس کوبە وای وت.